کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی بێهزیستی: نزیکەی ١٠ ملیۆن کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ئێراندا دەژین

12:17 - 20 رەشەمه 2724

جەواد حوسێنی، سەرۆکی ڕێکخراوی بێهزیستی، ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٩ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ئێران هەیە و ڕایگەیاند کە بەپێی ڕاپرسیی نیشتمانیی ناسینەوەی کەمئەندامان، نزیکەی ١١.٥٪ی دانیشتووانی ئێران کەمئەندامن.

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەمە لە کۆبوونەوەیەکدا، حوسێنی ڕایگەیاند کە لە ڕاپرسییەکدا سەبارەت بە ناسینەوەی کەمئەندامان، ٢٨٠ هەزار بنەماڵەی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ١٩ پارێزگای وڵاتدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە.

هەروەها فەرزانە سادق، وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان لەو کۆبوونەوەیدا جەختی لە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نیشتەجێبوون و ئاستەنگەکانی کەمئەندامان کردەوە و ڕایگەیاند، سەرەڕای سنووردارکردنی دارایی ڕێکخراوی بێهزیستی و وەزارەتی ڕێگاوبان، پێویستە لەو بارەوە گرینگی بە کەمئەندامان بدرێت.

لە هەمان کاتدا کەمپەینی کەمئەندامان بانگەوازێکیان بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بنەماڵەکانیان و چالاکانی ئەم بوارە بڵاوڤکردەوە و داوایان کرد کە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ڕەشەمە لەبەردەم بینای سەرۆککۆماری لە تاران کۆ ببنەوە.

کەمپەینی کەمئەندامان بە ڕەخنەگرتن لە نەدانی پاشەکەوت و جێبەجێنەکردنی ماددەی ٢٧ی یاسای کەمئەندامان، داوای لە خەڵک کرد بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بکەن و داوای مافی پێشێلکراوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە ڕێژیم بکەن.

بەپێی ماددەی ٢٧ی یاسای کەمئەندامان، ڕێژیم پێویستە بژێوی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت یان کەمئەندامی سەختی بێکار و بێ داهات بە بڕی کەمترین حەقدەستی ساڵانە دیاری بکات و لە یاساکانی بوودجەی ساڵانەی وڵاتدا پارەی پێویستیان بۆ تەرخان بکات.

هەروەها بەپێی ڕاگەیاندنی کەمپەینی کەمئەندامان، ئەم کۆبوونەوەیە هاوکات لەگەڵ تاران لە بەردەم فەرمانداری و ئیدارەی بێهزیستی لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش بەڕێوە دەچێت.

خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بنەماڵەکانیان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بە جێبەجێنەکردنی یاسای پاراستنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بێبایەخکردنی خواستەکانیان و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان چەندین جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بەڕێوە بردووە.