کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی سێ چالاکی مافی ژنان لە سنە و دێولان

10:23 - 21 رەشەمه 2724

لە درێژەی سەرکوتی سیستماتیکی ژنان لە کوردستان و ئێران، سێ چالاکی مەدەنیی کوردی چالاک لە بواری مافی ژنان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە و دێولان دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، باران ساعدی تەەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە و بە ترساندن و تۆقاندنی و توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

باران ساعدی پێشتریش لە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١دا و لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لە سنە دەسبەسەر کرابوو و پاش دوو مانگ لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ئەم شارە ئازاد کرابوو.

هەر لەم پێوەندییەدا هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم "سۆما محەممەدڕەزایی" چالاکی مەدەنیی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی سنەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی لە پاساژی ئەڵماسی سنە دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

هەروەها شەوی دووشەممە "سوهەیلا مەتاعی" چالاکی بواری ژنان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە شاری دێولان لەلایەن هیزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتریش دوو جار لە درێژەی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە سەرجەم بە ٦٠ مانگ بەندکران سزا درابوو کە پاش تێپەڕاندنی چەند مانگ کەوتە بەر لێخۆشبوونەوە و ئازاد کرا.

دەسبەسەرکرانی ئەم سێ چالاکە مەدەنییە کوردە لە پێوەندی لەگەڵ چالاکی و بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئەم دواییانەی ڕۆژی جیهانی ژن لە سنە بووە.