
هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' لە زاری دیپلۆماتەکان باسی لەوە کرد، شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، سەبارەت بە زیادکردنی پاشەکەوتی ئورانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ ئاستێکی نزیک لە پلەی چەک، کۆبوونەوەیەکی داخراو ئەنجام دەدات.
ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای شەش وڵات لە کۆی ١٥ وڵاتی ئەندامی ئەو شۆرایە بەڕێوە دەچێت کە بریتین لە ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە، کۆرەی باشوور، یۆنان و پاناما.
هەروەها ئەم وڵاتانە دەیانەوێت پێداچوونەوە بە پێبەندبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن بۆ پێدانی زانیاریی پێویست بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی سەبارەت بەو ماددە ناوکییە ڕانەگەیەندراوانەی کە لە چەند شوێنێکی جیاواز لە ئێراندا دەستنیشان کراون.
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک تا ئێستا وڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە نەداوەتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی هۆشداری داوە لەوەی تاران بە خێراییەکی بەرچاو لە حاڵی پیتاندنی ئورانیۆمی ٦٠ لەسەدییە. ئاستێک کە زۆر نزیکە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی.
وڵاتانی ڕۆژاوایی پێیان وایە هیچ بەرنامەیەکی غەیرە نیزامی پێویستی بە پیتاندنی ئورانیۆم تا ئەم ئاستە بەرزە نییە و هیچ وڵاتێکیش بەبێ دروستکردنی بۆمبی ناوکی ئەو کارەی نەکردووە، بەڵام ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن کە بەرنامەی ناوکیی ئێران بە تەواوی ئاشتیخوازانەیە.
لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی هۆشداری دا لەوەی مەترسییەکانی پێشبڕکێی چەکۆچۆڵ لە زیادبووندایە و هێندێک وڵات یەک لەوان ئێران سەرلەنوێ بە سیاسەتە ناوکییەکانیاندا دەچنەوە.