
مەتین حەسەنی بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان و یەکێک لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، سەرەڕای ئازادبوون و گۆڕانی سزاکەی بۆ بەندکرانی باز، ئێستاش لەژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکاندایە.
بەپێی زانیارییەکان مەتین حەسەنی لە دەسپێڕاگەیشتن بە کەرەستە ئێلێکترۆنیکییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێبەری کراوە.
هەروەها سەردانی بەردەوامی ناوبراو بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکان و ناوەندە بەناو دادوەرییەکانی ڕێژیم بۆ وەرگرتنەوەی کەلوپەلەکانی، بە لێپرسینەوە و هەڕەشە کۆتایی پێ هاتووە.
ناوبراو لە ٥ی خەرمانانی ئەمساڵدا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی خۆی چووە بەندیخانە بەڵام لە ١٤ی ڕەزبەردا و پاش دانانی بارمتە و هاوڕابوونی دەزگای بەناو داوەریی ڕێژیم، بەندکرانەکەی بۆ بەندکرانی باز گۆڕدرا.
مەتین حەسەنی لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵی باوکی لە بۆکان دەسبەسەر و دواتر لە ٣ی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن دژی یەک" لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە بۆکان بە ٣١ مانگ بەندکران سزا درا.
ناوبراو کە چاوی بریندار بووە لە سەرەتای شۆڕشی ژیناوە پشتیوانیی لە خەڵک و بنەماڵەی شەهیدان و بریندارانی ناڕەزایەتییەکان کرد و چەندین جار هەڕەشە لێ کرا و بانگ کرا.
مەتین حەسەنی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا کاتێک لە تەمەنی ١٩ ساڵ بوو، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بینایی چاوێکی خۆی لەدەست دا.