کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادکرانی دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا

11:15 - 21 رەشەمه 2724

ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سینا دەشمیر لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا و خەڵکی گوندی "گەزگەسک"، سەر بە شاری پیرانشار لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە باقی ماوەی سزاکەی خۆی لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکدا و لە دەرەوی بەندیخانە تێپەڕ دەکات.

پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣، "موجتەبا مەحموودی" دادستانی پیرانشار، لە کاتی پێدانی موورەخەسیی سینا دەشمیردا بە بانگکردنی ناوبراو بۆ دادگای پیرانشار خستبوویە ژێر گوشارەوە کە دەبێ ئاڵای کۆماری ئیسلامی لەسەر دەرکەی ماڵەکەی هەڵ بکات و ئەگەر ئەمە نەکا، خۆیان ئاڵاکە هەڵ دەکەن.

پاش خۆبواردنی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەم کارە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە چوونە بەردەم ماڵەکەی و بە هەڕەشە ناوبراویان ناچار بە هەڵکردنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی لەسەر دەرکەی ماڵەکەی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٢،  سینا دەشمیر بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران، ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر "ئەمیر ئوجاقلوو" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئێران"، بە ٤٠ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "دروشم نووسین و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ٣٥ ساڵ بەندکران سزا درابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا  و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سیشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم لاوە کوردە بە دانانی بارمتەی چوار میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.