
ڕۆژی ڕابردوو ٢١ی ڕەشەمە ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان هێزەکانی سووریەی دێموکرات و دەوڵەتی نوێی سووریە بە ڕێبەرایەتیی ئەحمەد شەرع واژۆ کرا.
بەپێی زانیارییەکان، دوو لایەن ڕێککەوتوون کە هێزەکانی سووریەی دێموکرات لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی سووریە تێکەڵ بکرێن و ئەم هێزانە وەک بەشێک لە هێزە فەرمییەکانی سووریە بێنە ئەژمار.
بەپێی ڕێککەوتنەکە مافی هاووڵاتیبوونی نەتەوەی کورد لە سووریە و هەموو مافەکانی دیکەی بە فەرمی دەناسرێت.
هاوکات دەبێ هەموو کێڵگە نەوت و گازییەکان، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەی ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سووریەی دێموکرات، بخرێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی دەمیشقەوە.
بڕیارە کە ڕێککەوتنەکە لەلایەن کۆمیتەیەکی جێبەجێکارەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ جێبەجێ بکرێت، بەڵام ڕوون نییە کە هێزەکانی سووریەی دێموکرات بە شێوەیەک تێکەڵی وەزارەتی بەرگریی سووریە دەکرێن.
گەڕاندنەوەی هەموو ئاوارەکان لە ئەمنییەتدا بۆ نێو ماڵەکانیان لەلایەن دەوڵەتی سووریەوە، یەکێکی دیکە لە بەندەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە.
ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدا هاتووەتە ئاراوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا شەڕ و تێکهەڵچوونێکی خوێناوی لە نێوان دەوڵەتی ئەحمەد ئەلشەرع و هێزەکانی پاشماوەی دەوڵەتی بەشار ئەسەد ڕووی داوە کە لەم تێکهەڵچوونانەدا نزیک بە هەزار کەس لە عەلەوییەکانی سووریە کوژراون.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کوشتنانە، داوای لە دەوڵەتی سووریە کردووە کە بەرپرسیارانی ئەم ڕووداوە وڵامدەر بکات.