
لە کاتێکدا کە تووشبوانی تالاسێمیی ئێران لەگەڵ زیادبوونی ئاستەنگەکانی دەستکەوتنی دەرمانە گرینگەکانیان دەست و پەنجە نەرم دەکەن، نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمیش ڕایگەیاند بە ڕێژەی ٥٠%ی ئەو دەرمانانەی کە ئەم نەخۆشانە پێویستیان پێیەتی کەم بوون و دەست ناکەون، هەروەها وتیشی کە نەخۆشیی هێپاتیتی جۆری سی لە ناو ئەو نەخۆشانەدا بڵاو بووەتەوە.
سەلمان ئێسحاقی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئێران ساڵانە پێویستی بە ١٠ میلیۆن دەرزی بۆ تووشبووانی تالاسێمی هەیە، بەڵام تەنیا یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دەرزی هاوردە دەکرێت و سێ میلیۆن دەرزی لە ناوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت.
بە وتەی ناوبراو، نەخۆشانی تالاسێمی ساڵانە ڕووبەڕووی کەمیی نزیکەی پێنج میلیۆن دەرزی دەبنەوە و ئەم کەمییە لەگەڵ گرانبوونی نرخی دەرمانەکە، بووەتە قەیرانێکی جیددی.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، هەر نەخۆشێکی تالاسێمی دەبێت مانگانە نزیکەی ١٥ میلیۆن تمەن لە گیرفانی خۆیان بدەن بۆ کڕینی دەرمانە پێویستەکانیان.
ئێسحاقی بە ئاماژەدان بە خراپیی کوالێتیی دەرمانی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک دەرمانی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ بە هۆی کاریگەرییە خراپەکانییەوە لەلایەن نەخۆشەکانەوە وازیان لێ دەهێنرێت یان تەنانەت فڕێ دەدرێن.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم هەروەها ئاماژەی بە گواستنەوەی خوێنی پیس لە ناوەندەکانی تالاسێمی لە سیستان و بەلووچستان لە چەند حەفتەی ڕابردوودا کرد و وتی: بە پشتبەستن بە پشکنینەکان، ١١٣ نەخۆشی تالاسێمی تووشی ویرۆسی هێپاتیتی سی بوون.
سەرۆکی ئەنجومەنی تالاسێمیی ئێران لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٣٩٧وە لەگەڵ گەڕانەوەی گەمارۆکان، کەمی و نەبوونی دەرمانی گرینگ بۆ ئەو نەخۆشانە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم هەزار و ١١٠ کەس.
شایەنی باسە تالاسێمی نەخۆشییەکی ژێنێتیکییە کە نەخۆشەکانی دەبێت بە بەردەوامی تا کۆتایی تەمەنیان دەرمان بخۆن و دواکەوتن یان دەستنەکەوتنی دەرمان، جگە لە کەمکردنەوەی کوالێتیی ژیانیان، دەبێتە هۆی دروستبوونی گرفت و کاریگەریی خراپ و تەنانەت دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانیان.