کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی باڵای ئورووپا: پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە ڕووسیە هەڕەشەیەکی گەورەی جیهانییە

10:26 - 22 رەشەمه 2724

کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەمە  لە کۆبوونەوەی ساڵانەی هاوکاریی یەکیەتیی ئورووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی هۆشداری بە شۆرای ئەمنییەت دا.

ناوبراو لە قسەکانیدا جەختی لە پاڵپشتی بەهێزی یەکیەتیی ئورووپا لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەوڵەکانی پەیوەندیدار بە ئاشتی، ئەمنییەت، پابەندبوونی یەکیەتیی ئورووپا بە فرەلایەنی و هەروەها یارمەتییە مرۆییەکان کردەوە.

لە بەشێکی قسەکانیدا ئەم بەرپرسە باڵایە بەردەوامیی دەسدرێژییەکانی ڕووسیەی بۆ سەر ئۆکراین مەحکووم کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر ڕووسیە کۆتایی بە هێرشەکانی خۆی بهێنێت، ئەوا دەتوانێت دەستبەجێ ئەم شەڕە کۆتایی پێ بهێنێت.

کالاس لە وتارەکەیدا لەم دانیشتنەی شۆرای ئەمنییەتدا باسی لە ئێران کرد و پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت زانی.

ئەو بەرپرسەی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا جەختی لەوە کردەوە کە "ڕوانگەی فرەلایەنەکانی وەک بەرجام" گرینگ بوون و گرینگن، هەروەها ڕایگەیاند کە هیچ "بژاردەیەکی بەردەوام" لە بەردەم چارەسەری دیپلۆماتیدا نییە.

هەروەها ناوبراو لە قسەکانیدا ڕوو بە ئەندامانی شۆرای ئەمنییەت، ''تیرۆر و بڵاوبوونەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکارانە و زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر یەکسانیی ڕەگەزی'' بە سێ هەڕەشەی بنەڕەتی بۆ سەر ئاشتی و ئەمنییەتی جیهانی کرد.