
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەمە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک پشتیوانیی لە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریەی دێموکرات لەگەڵ دەوڵەتی نوێی سووریە کرد.
لە بەیاننامەکەی مارکۆ ڕۆبیۆدا هاتووە، دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی نێوان بەرپرسانی سووریەی نوێ و هێزەکانی سووریەی دێموکرات بۆ تێکەڵبوونی هێزەکانیان، پشتیوانی دەکات.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، دەوڵەتی سووریە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە بەم پێیە مافەکانی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی سووریەی نوێدا دەستەبەر دەکرێت و هێزەکانی سووریەی دێموکراتیش لەگەڵ هێزە چەکدارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە تێکەڵ دەکرێتەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە، لەم پێوەندییەدا بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاندووە کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ دەوڵەتی سووریە، دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ دروستکردنی سووریەیەکی نوێیە.
هەر لەم پێوەندییەدا یەکیەتیی ئورووپا پێشوازیی لە ڕێککەوتنەکە کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕێککەوتنە ڕێگەخۆشکەری پەرەدان بە سەقامگیری لە داهاتووی سووریەدا دەبێت.
دەوڵەتی تورکیە ساڵانێکە بە بیانووی هەبوونی پەکەکە لە نێو ڕیزی هێزەکانی سووریەی دێموکرات، ناوچەکانی ڕؤژاوای کوردستانی خستووەتە ژێر تەوژمی هێرشی بەربڵاوی خۆی و میلیشیاکانی.