کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارناسێکی بێلژیکی: لە هێرش بۆ سەر ئێران، ڕەنگە ئیسرائیل لە پێشدا خامنەیی بکاتە ئامانج

11:36 - 22 رەشەمه 2724

دیدیە لۆروا، شارەزای بێلژیکی لە پرسەکانی ئێران، بە ڕۆژنامەی "ئیکۆ"ی ڕاگەیاند: ''ئیسرائیل بەهۆی زۆری ئامانجەکانەوە لە هێرشکردنە سەر ئێران لە دۆخێکی خراپدا دەبێت، بە وتەی ئەو پسپۆڕە بێلژیکییە ئیسرائیل بۆ فەلەجکردنی ئەرتەش و سپای پاسداران بە عەمەلیاتە سایبێرییەکانییەوە دەست پێ دەکات.

ئەو کارناسە وتوویەتی، پاشان سیمبولەکانی ڕێژیم و ڕەنگە خودی عەلی خامنەیی بکاتە ئامانج و لە هەنگاوی داهاتوودا ژێرخانە نیزامی و نەوتییەکان بۆردومان دەکات و دواجاریش گورزی کۆتایی لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دەدات.

ڕۆژنامەی "ئیکۆ"ی بێلژیکی لە زاری دیدیە لۆرۆا، شارەزای پرسەکانی ئێرانەوە، سیناریۆی هێرشی سەربازیی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە ئەگەرێکی زیاتر لە پێشووتر دەزانێت کە ئەگەر ڕوو بدات، هەموو داتای ستراتێژی و ناوچەیی بۆ ماوەی یەک دوو دەیە دەگۆڕێت.

ئەو کارناسە باسی لەوەش کردووە، کە ڕێژیمی ئێران هیچ متمانەیەکی بە ترامپ نییە و پێدەچێت تەسلیمی هەڕەشەکانی نەبێت. بە وتەی ئەو کارناسە، ڕێژیمی ئێران لەسەر کارتی بەناو ''غروری میللی'' ئێرانییەکان حیسێبی کردووەتەوە، چونکە تاران پێی وایە هێرشی نیزامیی ئیسرائیل و ئەمریکا نابێتە هۆی ڕووخاندنی ڕێژیمی ئیسلامی، بەڵکوو غرووری میللی ئێرانییەکان لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەی لێ دەکەوێتەوە.

حەوتوونامەی "لۆپۆئێن"ی فەرانسە هەروەها ئاماژەی بە مامەڵەی ترامپ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە "وەهم" کردووە و نووسیویەتی: "هەرچەندە ترامپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە دوای ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی تاراندایە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەستکەوتنی چەکی ناوکی بکات، بەڵام بە کردەوە سەرکۆماری ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی قەیرانی ناوکیی ئێران بگەیەنێتە چارەسەرێکی نیزامی".

ئەم حەوتوونامەیە ئاماژەی بە قسەکانی ٧ی مارسی ترامپ کردووە کە سەبارەت بە دۆخی ئێران وتوویەتی: بەم زووانە شتێک بە خێرایی ڕوو دەدات و ئێمە لە دوا ساتەکانداین و ناتوانین ڕێگە بدەین سەرکردەکانی ئێران چەکی ناوکییان دەست بکەوێت.