کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەتکرانەوەی قسەکانی ڕەفیقدووست سەبارەت بە تێرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات

12:27 - 22 رەشەمه 2724

نووسینگەی موحسێن ڕەزایی، ئەندامی "کۆڕی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام" و فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران، قسەکانی موحسێن ڕەفیقدووست سەبارەت بە ڕۆڵی ڕەزایی لە تێرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵاتی ڕەت کردووەتەوە.

پاش ئەوەی کە موحسێن ڕەفیقدووست، یەکەمین وەزیری سپای پاسداران، لە لێدوانێکدا باسی لە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ تێرۆرکردنی دژبەرانی خۆی لە دەرەوەی وڵات بە هاوکاریی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، لەوانە موحسێن ڕەزایی کردبوو، نووسینگەی ڕەزایی لە ڕاگەیەندراوێکدا قسەکانی ناوبراوی ڕەت کردووەتەوە.

کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە کە لە تێرۆر و لەنێوبردنی تاکەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دژبەرانی خۆی کەڵک وەردەگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش سەدان تێرۆری لە وڵاتانی ئورووپای ئەنجام داوە.

موحسێن ڕەفیقدووست، وەزیری ئەو کاتی سپای پاسداران لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێک زانیاریی نهێنی سەبارەت بە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ چۆنییەتی ئەنجامی تێرۆرەکانی لە خاکی ئورووپادا خستە ڕوو.

بەپێی قسەکانی ڕەفیقدووست، ناوبراو لەگەڵ موحسێن ڕەزایی کە ئەوکات یەکەمین فەرماندەی یەکەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بوو و دواتر بە حوکمی ڕاستەوخۆی خومەینی وەک فەرماندەی گشتیی سپا دیاری کرا، پێکەوە بەرپرسی چۆنییەتیی پلانداڕشتن و بەڕێوەبردنی تێرۆرەکانی ڕێژیم لە ئورووپادا بوون.

ڕەفیقدووست لەم لێدوانەدا ئاماژەی بە گرووپی جیایخوزای "باسک" لە ئیسپانیا کردبوو کە بە وەرگرتنی پارە تێرۆرەکانیان بۆ کۆماری ئیسلامی لە ئورووپادا ئەنجام داوە.

ئەم دانپێدانانەی موحسێن ڕەفیقدووست لە ئێستادا مۆرکێکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەڵوێستەکانی ئەمریکا و ئورووپا سەبارەت بەوەی کە کۆماری ئیسلامی سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندایە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتانی ئورووپایی باسیان لە چڕبوونەوەی چالاکییە سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها بەکرێگرتنی گرووپە تاوانکارەکان بۆ ئەنجامدانی هەوڵە تێرۆریستییەکان لە خاکی ئورووپادا کردووە.

دادگای میکۆنووس کە سەبارەت بە تێرۆرکردنی سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەڕێوە چوو، تەنیا دادگایەکە کە توانیویەتی بە دەرخستنی سەدان بەڵگە تێرۆریستیبوونی کۆماری ئیسلامی بسەلمێنێت.

تاوانباربوونی ڕێبەرانی باڵای کۆماری ئیسلامی بۆ یەکەمجار لەم دادگایەدا بۆ هەوڵە تێرۆریستییەکانیان ئاشکرا کرا.