
گرووپی حوسییەکانی یەمەن دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەی کە بۆ دەستپێکردنەوەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە دیاری کرابوو، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان دەست پێ دەکەنەوە.
ئەو گرووپە کە ئێران پشتیوانییان لێ دەکات، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەمە ڕایگەیاند کە قەدەغەکردنی تێپەڕبوونی هەموو کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سوور، کەنداو، گەرووی بابولمەندەب و دەریای عەرەب دەست پێ دەکاتەوە.
حوسییەکان کە لە دوای شەڕی ئەم دواییانەی غەززە ئیدعای پشتیوانی لە فەلەستینییەکانیان دەکرد، هێرشی بەرفراوانیان دژی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن دەست پێ کرد، لە ڕۆژی هەینیەوە، وادەی چوار ڕۆژیان بۆ ئیسرائیل دیاری کردبوو کە ڕێگە بە هاتنەناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە بدەن.
ئامانجی ئەو گوشارهێنانەی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپی توندڕەوی حەماسە تاکوو ئەو بارمتانەی وا هێشتا لەژێر دەستیاندان و لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا بەدیل گیراون ئازاد بکرێن، بۆیە لە حەفتەی ڕابردووەوە ئیسرائیل هەموو ڕێگایەکی گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ کەرتی غەززە گرتووە.
هاوکات حووسییەکان هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ڕاگرتنی کەشتییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێ و ڕووبەڕووی هێرشەکانیان دەبنەوە تا ئەو کاتەی کە گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە یەکلایی نەبێتەوە.