
لە درێژەی سەرکوتی سیستماتیکی هاووڵاتییان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بانە و سەقز دەسبەسەر کران.
بە گوێرەی راپۆرتی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، چالاکێکی فەرهەنگی بە شوناسی "عەبدوڵلا (ێباز) ئەحمەدزادە" تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم پاش دەسبەسەرکردنی ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی فەرهەنگیی "هەڵەبجە"ی سەقز، ماڵەکەشیان پشکنیوە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، "ڕەحمان ئەحمەدی" هاووڵاتیی خەڵکی "سیوچ" سەر بە شاری بانە پاش بانگکران بۆ دادگا بە بیانووی تاپۆ، دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سێ ساڵ سزای بەندکرانی داسەپاو، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.
بەن هاووڵاتییە تەمەن ٣٤ ساڵە ڕاگەیەندراوە کە لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە بانە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم" بە سێ ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕۆژی ٢ی خەرمانانی ١٤٠٢دا و لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکای ڕێژیم و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو.