
وەزارەتی خەزینەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی ئەو وەزارەتخانەیە، تۆڕی ''فاکسترۆت'' کە گروپێکی تاوانکاری نێودەوڵەتییە و بنکەکەی لە سوید و سەرکردە هەڵهاتووەکەی ڕوا مەجیدە، خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.
ئەم گرووپە بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هێرشکردنە سەر ئیسرائیلییەکان و جولەکەکان لە ئورووپا تۆمەتبار کراوە.
بە پێی بەیاننامەی وەزارەتی خەزێنەداریی، ئەم باندە تاوانکارە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٤ بە نوێنەرایەتی ڕێژیمی ئێرانەوە هێرشێکیان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم ڕێکخست.
کاربەدەستانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی کەڵک لە گرووپە تاوانکارییەکان وەردەگرێت، لەوانە هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان و جوولەکەکان لە ئووروپا.
تۆڕی فاکسترۆت یەکێک لە مەترسیدارترین باندە تاوانکارییەکان لە سویدە و شەڕی چەکداری و کوشتنی گرێبەستانە و توندوتیژی بەربڵاو لەو وڵاتەی هەبووە. ئەم گرووپە بە یەکێک لە گرینگترین ڕێکخراوەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و چەک لە ئورووپا ناسراوە.
بەپێی گەمارۆ ڕاگەیەندراوەکان، سەرجەم سەروەت و سامانەکانی تۆڕی فاکسترۆت و ڕوا مەجید لە ئەمریکا بلۆک کراون و هەر جۆرە پێوەندی دارایی هاوڵاتییانی ئەمریکا لەگەڵیان قەدەغەیە. هەروەها هەر هەوڵێک بۆ دەربازبوون لەم گەمارۆیانە دەتوانێت سزای مەدەنی و تاوانکاری لێبکەوێتەوە.
دەزگای هەواڵگریی سوید، ''ساپۆ''، کۆماری ئیسلامیی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەندامانی باندە تاوانکارییەکانی سویدی بۆ ئەنجامدانی تاوانی توندوتیژی دژی ئیسرائیل و ئامانجەکانی دیکە لە سوید بەکار هێناوە.