
وەزیری دەرەوەی ڕووسیە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا دەیەوێت ڕێککەوتنی ئەتۆمیی داهاتوو لەگەڵ ئێران، پرسە ناوچەییەکان و پشتیوانینەکردنی ئێران لە گرووپەکان لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.
سێرگێی لاورۆف لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەمە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیەدا بڵاو کراوەتەوە، باسی لە ڕاوێژکاری لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیی ئێران کردووە.
بە وتەی ناوبراو، ئەمریکا داوای کردووە ئێران پشتیوانینەکردن لە هەندێک گرووپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک پێشمەرجێک بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نوێ خۆی ڕابگەیێنێت.
ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی ڕووسیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە مۆسکۆ هەروا هۆگر و پابەندە بە پاراستن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی بەرجام، کە ئەمریکا لە خولی یەکەمی دۆناڵد ترامپدا لێی کشایەوە.
ناوبراو وتیشی ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە، بە پشتبەستن بە هەندێک ئاماژە، ئەمریکییەکان دەیانەوێت ڕێککەوتنە نوێیەکە مەرجدار بێت بە هەندێک داواکاریی سیاسی؛ ئەمەش بریتییە لە ئەنجامدانی ڕێکخستنی هەندێک تاقیکاری و مەرج بۆ ئەوەی نیشان بدات کە ئایا ئێران کۆتایی بە پشتیوانییەکانی لە گرووپە هاوپەیمانەکانی لە عێراق، لوبنان، سووریە و شوێنەکانی دیکە هێناوە و ئەو مەرجانەی کە قەرارە دیاری بکرێن، وەزیری دەرەوەی ڕووسیە بە دووری دەزانێ کە بەدی بهێنن و سەر بگرێت.
لاورۆف هۆکاری ڕەشبینییەکەی ڕوون کردەوە و وتی: هەموو دەوڵەتانی کەنداو نفووزی خۆیان لە دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان زیاد کردووە و لە شوێنەکانی دیکەشەوە، لەوانەش لە باکووری ئەفریقا، بەرنامە و پڕۆژەی ئابووری و مرۆییان جێبەجێ کردووە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە بە هۆی ئەوەی کە هەر وڵاتێک مافی فراوانکردنی کایەی نفووزی خۆی هەبێ لە ناوچەدا جگە لە ئێران، ئەو مەرجانە سەر ناگرێت و ئێران قەبووڵیش ناکات.
ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی هەروەها لەم دواییانەدا پرسی دانوستان لەگەڵ ئەمریکای ڕەت کردەوە و وتی: دانوستان ڕێگایەکە بۆ لایەنی بەرامبەر بۆ دانانی "چاوەڕوانی نوێ.
ناوبراو زیادی کرد: مەسەلەکە تەنیا پرسی ئەتۆمی نییە. چاوەڕوانی نوێ، وەک بەرنامەی بەرگری و مووشەکی ئێران و توانا نێودەوڵەتییەکان دێننە بەر باس، که بە دڵنیاییەوە ئەم چاوەڕوانییانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ ناکرێن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای دیدار و گفتوگۆی بەرپرسانی فێدراسیۆنی ڕووسیە و ئەمریکا لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە، قسە و باس لەسەر هەوڵی مۆسکۆ بۆ نێوبژیوانی لە نێوان تاران و واشنگتۆن بڵاو بووەتەوە.
هەروەها حەفتەی ڕابردوو، دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە نامەیەکی بۆ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ناردووە، دەنگۆی ئەگەری ڕۆڵی ڕووسیە لە گواستنەوەی ئەو پەیامەدا بڵاو بووەوە، بەڵام عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە بڵاوی کردەوە کە نامەکە لە ڕێگەی یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە دەگاتە تاران.