
کۆمەڵە شێعری چرۆی باران لە نووسینی کەماڵ مەریوانی لەلایەن چاپخانەی ٤٩ کتێبەوە چاپ کرا.
کەماڵ مەریوانی لە دایکبووی شاری مەریوانە و هەر لە سەردەمی گەنجیەوە تێکەڵی کاری ئەدەبی و چالاکیی نەتەوەیی بوو و هەر ئەو ڕێبازەش وای کرد لە نیشتمان وەدەر بنرێت و شەرەفی پێشمەرگایەتی لە حیزبی دێموکراتی پێ ببخشرێ.
ناوبراو بۆ یەکەم جار "توکایەک لە قەفەزدا" نووسینی نیما یووشیج وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی و لە سنەی ڕۆژهەڵات چاپی دەکات.
هەروەها پێش لە ئاوارەبوونی لە ڕۆژهەڵات شێعر و بابەتی ئەدەبیی لە گۆڤارەکاندا یەک لەوان ئاویەر و زریبار و ... بڵاو کردووەتەوە. لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا توانی وتووێژێکی ئەدەبی لەگەڵ بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەنزادە و مامۆستا شوکور موستەفا و موحەمەدی مەلا کەریم پێک بێنێت کە وەک کتێب چاپ کراوە و لە بەر دەستی خۆێنەراندایە.
کەماڵ مەریوانی ساڵانێکە پەڕیوەی هەندەران بووە و لە وڵاتی سویس دەژی بەڵام دڵی هەمیشە لای کوردستان و پێشمەرگەیە و شێعرەکانیشی زۆرتر لەو چوارچێوەیەدان و هەمیشە ویستوویەتی لەم ڕێگەیەوە هەستی نیشتمانپەروەریی خۆی دەرببڕێ.