
بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی ڕێکەوتنی گەلی کورد لە ڕۆژاوا لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی سووریە پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند ئەم ڕێککەوتنە دەستکەوتێکی مەزنە کە دەتوانێ بەشێک لە مافەکانی کورد لەو بەشەی کوردستان وەدی بهێنێت.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ڕۆژی ١٠ی مارسی ٢٠٢٥ هاوکاتە لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەرەی کوردی لە ڕۆژاوا بە سەرۆکایەتیی بەڕێز ژنڕاڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزە دێمۆکراتیکەکانی ڕۆژاوا (هەسەدە) لەگەڵ دەسەڵاتی کاتیی سووریە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هەر چەندە ئەم ڕێککەوتنە هێشتا زۆر لایەنی نادیاری هەیە، بەڵام دەستکەوتێکی مەزنە کە دەتوانێ بەشێک لە مافەکانی کورد لەو بەشەی کوردستان وەدی بهێنێ و وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی گەلی کورد و بەتایبەت ڕۆژاوا، وڵاتی سووریە و ناوچە بەدی دەکرێت.
بەرەی یەکگرتووی کورد لە سەر بنەما فیکریەکانی خۆی وەک باوەڕ بە مافی نەتەوەیی، عەداڵەت، ئازادی، شوناس، گەشەی هەمەلایەنە و چارەسەری کێشەی کورد بە شێوازی ئاشتییانە، پشتیوانیی خۆمان بۆ هەر چەشنە دیالۆگ و ڕێکەوتن لە هەر پارچەیەک لە کوردستان و بەتایبەت ڕێکەوتنی تازەی گەلی کورد لە سووریە دەردەبڕین. هیوادارین وڵات و گەلانی سووریە و لە ناویاندا گەلی کورد بەرەو چارەسەری و ئاشتەوایی و گەشە و پێشکەوتن بڕۆن.
بەرەی یەکگرتووی کورد
١١ی مارس ٢٠٢٥