کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە شاری بۆکان سێ کەس گیانیان لەدەست دا / خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایەتی ڕێگەیان بەست

10:41 - 11 رەشەمه 2724

سەر لەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەشەمە لە ڕێگای میاندواو_ بۆکان  لە نزیک سیمینە بەهۆی پێکدادانی ماشینێکی بارهەڵگر لەگەڵ ماشینێکی سواری، سێ ئەندامی بنەماڵەیەک گیانیان لەدەست دا و منداڵێکیش زۆر بەسەختی بریندار بوو و ئێستا لە بەشی ئای سی یوودا خەوێندراوە.

دوابەدوای ئەم ڕووداوە، خەڵکی شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەری وەکوو گوندی "داشبەند، سیمینە مەلالەر و گوندی حسێن مامە" ڕژانە سەر ڕێگای بۆکان – میاندواو و بە داخستنی ئەو ڕێگایە داوای ئامادەبوونی بەرپرسانی هاتوچۆ و کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئەو ڕێگەیان کرد.

هەروەها خەڵکی ناڕازی سەبارەت بە گوێنەدانی بەردەوامی بەرپرسانی ڕێژیم بە گیان و سڵامەتیی هاووڵاتییان و پشتگوێخستنی کێشەی ڕێگاوبانەکان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زۆرێک لە هاووڵاتییان داوای وڵامیان لە بەرپرسانی پێوەندیدار کرد.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بووە. ڕێگاوبانی نائەمن و ناستاندارد، ماشینی بێ کوالێتی و خراپ لە گرینگترین هۆکارەکانی مردن بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆیە.