کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی حەوت: ڕێژیمی ئێران هیچکات نابێ دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات

11:55 - 25 رەشەمه 2724

وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە دوایین ڕۆژی کۆبوونەوەی خۆیان لە کانادا، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی هەرگیز نابێ چەکی ناوکی بەدەست بهێنێت.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە کە ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەمە بڵاو کرایەوە، کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیریی ناوچەکەیە و هەرگیز نابێ ڕێگە بەم ڕێژیمە بدرێت کە چەکی ناوکی پەرە پێ بدات و دەستی پێ ڕابگات.

وەزیرانی دەرەوەی کانادا، بریتانیا، فەرانسە، ئیتالیا، ژاپۆن، ئاڵمان و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا جەختیان لەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران دەبێ سیاسەتی گشتیی خۆی بگۆڕێت و گرژییەکان وەلا بنێت و دیپلۆماسی هەڵبژێرێت.

لە درێژەی بەیاننامەکەیاندا باسیان لە هەڕەشەی زۆربوونەوەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لەلایەن ڕێژیمی ئێران و هەوڵدان بۆ تێرۆرکردنی دژبەرانی کراوە.

وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت، لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیاندا، یارمەتیی نیزامی لەلایەن ئێران، چین و کۆرەی باکوریان بۆ ڕووسیە مەحکووم کرد و جەختیان لە سەر پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە کردەوەیە لەلایەن وڵاتانی سێهەم کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا، داوای ئازادکردنی خێرای هەموو بارمتەکانی غەززەیان کرد و ڕایانگەیاند کە حەماس ناتوانێت هیچ ڕۆڵێک لە داهاتووی غەززەدا بگێڕێت و نابێت هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئیسرائیل دروست بکات.

هەروەها ئەوان پاڵپشتیی خۆیان بۆ یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین، مافی ژیان، ئازادی، سەروەری و سەربەخۆیی ئۆکراین دووپات کردەوە و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ دامەزراندنی ئاگربەست بەتایبەت کۆبوونەوەکەی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئۆکراینیان بە میوانداری عەرەبستان لە ٢١ی ڕەشەمە، بەرز نرخاند.