کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە پێنج کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران دەسبەسەر کرد

11:57 - 25 رەشەمه 2724

هێزە ئەمنییەکانی تورکیە بە هاواهەنگی لەگەڵ دەزگای دادوەریی ئەم وڵاتە پێنج کەسیان بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئێران" دەسبەسەر کرد.

هەواڵدەریی ئەناتۆلی ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەشەمە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بەپێی   لێکۆڵینەوەکانی دادستانی گشتیی ئیستانبوڵ و ڕێکخراوی هەواڵگریی میللی تورکیە (میت)، ئەم پێنج کەسە گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندییان لەگەڵ ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدەرییە، دەسبەسەرکراوان بە کۆکردنەوە و گواستنەوەی زانیاری لەسەر بنکە سەربازییەکان و خاڵە سەرەکییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی تورکیە تۆمەتبارن.

دادستانی گشتیی ئیستانبوڵ تۆمەتی وەپاڵدراوی دەسبەسەرکراوانی بە "سیخوڕیی نیزامی و سیاسی" ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیە، سێ کەس لە دەسبەسەرکراوەکان شارۆمەندی ئەم وڵاتەن و دوو کەسی دیکەش هاووڵاتیی بیانین.

دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیە و ئێران ئاڵۆزی تێکەوت و لە چەند حەفتەی ڕابردوودا وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە دیپلۆماتکارەکانی یەکتریان بانگ کرد.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند کەسێک لە تورکیە بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئێران" یان "هاوکاری لەگەڵ دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ئێران" دەسبەسەر کراون.

هەروەها لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە تورکیە ڕفێندراون و بۆ ئێران گواستراونەتەوە، لەوانە ڕفاندنی حەبیب ئەسیوەد، هاووڵاتیی ئێرانی-سویدی، کە لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٩ لە ئیستامبوڵ ڕفێندرا و دواتر لە ئێران لە سێدارە درا.

هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا چدنیدین ڕاپۆرت سەبارەت بە هەوڵی دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسداران بۆ کوشتنی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە تورکیە و دەسبەسەرکردنی چەند کەسێک لەو پێوەندییەدا بڵاو کراونەتەوە.