
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەمە لەبەیاننامەیەکدا سزادانی وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی و چەند نەوتهەڵگرێکی ڕاگەیاند.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە موحسێن پاکنژاد، وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی، جگە لە چاوەدێریکردن بە سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێراندا، بەشێکی زۆر لە نەوتی ئێرانی ڕادەستی هێزە چەکدارەکان کردووە.
بەیاننامەکە زیادی دەکات کە ڕێژیمی ئێران لە داهاتە نەوتییەکانی بۆ مەبەستی بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە مەترسیدارەکانی خۆی کەڵک وەردەگریت و خەڵکی ئێران دەخاتە ژیر گوشارەوە.
ئەم وەزارەتە پێشتریش حەمید بۆرد، جێگری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری شیرکەتی نەوتی ئیرانیشی سزا دابوو.
جیا لە سزادانی وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی، وەزارەتی خەزێنەداری لە بەیاننامەکەیدا باسی لە سزادانی چەند نەوتهەڵگرێکی دیکە کردووە کە نەوتی ئێرانیان بۆ چین قاچاخ کردووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم بەیاننامەیەی وەزارەتی خەزینەداری، وەزارتی دەرەوەی ئەمریکاش لە بەیاننامەیەکی دیکەدا و بە ئاماژەدان بە سزادانی وەزیری نەوتی دەوڵەتی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەوان درێژە بە بەربەست خستنەسەر ڕێگەی تاران بۆ داهاتە نایاساییەکانی ئەدەن تاکوو چیدیکە نەتوانن داهات بۆ ئامانجە شەڕەنگێزانەکانیان دابین بکەن.
شەپۆلی نوێی گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی سزا نەوتییەکان، پاش ئەوە بوو کە دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەیهەوێت بە گوشارە هەمەلایەنەکان پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگرێت، تاکوو کۆماری ئیسلامی نەتوانێت لەم پارەیە بۆ دابینکردنی بوودجەی سپای پاسداران و میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا کەڵک وەربگرێت.