کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە شار و ناوچەکانی کوردستان سەرەڕای ڕێگریی هێزەکانی ڕێژیم

18:52 - 25 رەشەمه 2724

لە درێژەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز کە ئەمساڵ بە نەورۆزی خاکیپۆشان ناودێر کراوە، خەڵکی نیشتمانپەروەر و بەهەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای بەربەست و ئاستەنگەکانی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، بە شیوەیەکی پڕشکۆ ئاگری نەورۆزیان کردەوە و ئاهەنگیان گێڕا.

ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەمە، لە شارۆچکەی ساحێب و کێوی جاقل لە سەقز، دەرەدرێژی کرماشان، گوندی خولەکەوش لە ناوچەی گەهوارە سەر بە شاری داڵاهۆ لە کرماشان و شنۆ، خەڵکی خاکیپۆش و جامانە لەمل نەورۆزی خاکیپۆشانیان بە شێوەیەکی نیشتمانی و جەماوەری بەڕێوە برد.

خاکیپۆشانی پڕ لەهەست لە کێوی جاقل لە سەقز، بە دربڕینی دروشمی نەتەوەیی و حیزبی، نەورۆزیان وەک پەرچەکردارێک دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەکار هێنا و دڵی دوژمنیان وەلەرزە خست.

لە شارۆچکەی ساحێب ئاهەنگی نەورۆز بە شێوەیەکی بەرین و جەماوەری لەلایەن خەڵکی نیشتمانپەرەوەر و دڵسۆزەوە بەڕێوە چوو کە شکۆیەکی تایبەتیان بەو بۆنەوە بەخشی.

لەو پێوەندییەدا هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کرماشان، شنۆ، بۆکان و سەقز هەوڵییان دا لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز ڕێگری بکەن. هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە چەکی نیوەقورسی وەکوو دۆشکا، لە ڕێگای چوونەژوورەوەی گوندی "سینگان"ی شاری شنۆ بە ئامانجی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز خاڵی پشکنینیان ساز کرد.

هەروەها هێزەکانی سپا و هێزە ئینتزامییەکان بە پشکنین، بڵاوەپێکردنی ئامادەبووان و جێگیربوون لە دوو گوندی "کانی سۆرک" و تەپەی "قەڵاتووک" ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە "تاچیناوێ"ی شنۆ کرد کە لە ئاکامدا تێکهەڵچوونی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی ناڕازییانی لێکەوتەوە و هێندێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم چەک کران.

لە شاری بۆکان ڕۆیشتنی هاووڵاتییان بۆ کێوی"تەرەغە"، شوێنی دیاریکراوی بەڕێوەچوونی نەورۆز، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە قەدەغە کرا و لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز ڕێگری کرا.

لە لایەکی دیکەوە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی هێزەکانی ڕێژیم بەمەبەستی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز، لە شاری دەڕەدرێژی کرماشان جێگیر بوون کە ئەو ڕێوڕەسمە لە ئاکامدا سەرەڕای ڕێگرییەکان، بەڕێوە چوو.