کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی سیاسیی کوردانی ڕۆژاوا پێشنووسی یاسای بنەڕەتیی ئەحمەد شەرعی ڕەت کردەوە

10:32 - 26 رەشەمه 2724

شۆرای دێموکراتیکی سووریە پێشنووسی یاسای بنەڕەتیی نوێی دەوڵەتی سووریەی ڕەت کردەوە.

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەمە لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە داڕشتنی یاسایەکی بنەڕەتیی کاتی بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو کردبوو کە لەم یاسایەدا هاوشێوەی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی پێشووی سووریە، ئایینی ئیسلام وەک ئایینی فەرمی و سەرچاوەی سەرەکی بۆ داڕشتنی یاساکان دیاری کراوە.

هەواڵدەریی ئاڵمان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە شۆرای دێموکراتیکی سووریە پێشنووسەکەی ئەحمەد شەرع بە شێوەیەکی نوێ لە ئۆتۆریتە دەزانێت و ڕەتی کردووەتەوە کە ئەم یاسایە لەگەڵ ڕاستییەکانی سووریە و فرەچەشنییەکانی ئەم وڵاتە بگونجێت.

ئەم شۆرایە جەختی کردووەتەوە کە بەپێی ئەم پێشنووسە چالاکییە سیاسییەکان لە سووریە بەتەواوەتی سنووردار دەکرێت و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە پێشنووسەکە بە تەواوەتی ڕەت دەکاتەوە و چاوەڕێی پێداچوونەوە و پێشنووسێکی نوێیە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی سووریەی دێموکرات بە سەرکردایەتیی مەزڵووم عەبدی، ڕێککەوتننامەیەکیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع واژۆ کردبوو کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی سووریە تێکەڵ دەکرێنەوە و حکوومەتی سووریەش هەموو مافەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، بە فەرمی دەناسێت.

بەڵام لە ئێستادا و لە یاسای بنەڕەتیی نوێی سووریە کە لەلایەن حکوومەتی نوێوە داڕێژراوە، ناوی کۆماری عەرەبیی سووریە وەک ڕابردوو پارێزراوە و زمانی عەرەبیش وەک تاکە زمانی فەرمی دیاری کراوە کە ئەمە بە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکەی ڕۆژانی ڕابردووە و لەگەڵ نێوەڕۆکی بابەتەکە ناتەبایی هەیە.

لەلایەکی دیکەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوی تورکیە، ڕایگەیاندووە کە لە دانیشتن لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا پێشنیاری بە ڕێبەری نوێی سووریە کردووە تاکوو مافی کورد لە سووریە، لە بەرامبەر دانانی چەکی هێزە کوردییەکان لەو وڵاتە، بە فەرمی بناسێت.