کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ئەندامێکی حیزبوڵڵا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان

11:30 - 26 رەشەمه 2724

لە کاتێکدا کە زیاتر لە سێ مانگە ئاگربەست لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ماشینیک لە باشووری لوبنان کەسێک کوژراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاویخای ئەدرەعی، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕەشەمە ڕایگەیاند: ''ئەندامێکی حیزبوڵڵامان کردە ئامانج کە لە باشووری لوبنان، چالاکیی تێرۆریستی ئەنجام دەدا.''

ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشەکانی بۆ بە ئامانجگرتنی پێگە و دامەزراوەکانی حیزبوڵڵایە و جەختیشی کردەوە کە ڕێگە نادات حیزبوڵڵا لە دوای ئەو شەڕەوە تواناکانی خۆی بنیات بنێتەوە.''

ئیسرائیل حەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، فەرماندەیەکی حیزبوڵڵایان کوشتووە کە بەرپرسی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە یەکەی بەدری حیزبوڵڵا بووە.

سەرەڕای تەواوبوونی وادەی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ١٨ی فێورییە، هێشتا ئیسرائیل لە پێنج خاڵی ستراتێژی بە درێژایی سنوورەکانی باشووری لوبنان ئامادەیی خۆی دەپارێزێت.

ئەم ئامادەبوونە ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات چاودێری گوندە سنوورییەکانی لوبنان و ناوچەکانی سنووری ئیسرائیل بکات و لە ''نەبوونی هەڕەشەیەکی کتوپڕ''، دڵنیا بێت.

ئیسرائیل بەپێی ڕێکەوتنی ئاگربەست، ئەرکدارە هێزەکانی لە باشووری لوبنان دوور بخاتەوە و حیزبوڵڵاش بەرەو باکووری ڕووباری لیتانی کە نزیکەی ٣٠ کیلومیتر لە سنوورەوە دوورە ،بکشێتەوە. لەبەرامبەردا بوونی ئەرتەشی لوبنان و هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ناوچەیە بەهێزتر بێت.