کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحموود نەبەوییان: ئەگەر یاسای حیجاب نیزام لاواز بکات، جێبەجێکرانی هەڵدەوەشێتەوە

11:56 - 26 رەشەمه 2724

مەحموود نەبەوییان، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتە دەرەکییەکانی مەجلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە پەسەندکردنی یاسای "عیفاف و حیجاب"، پێش ڕووداوەکانی ناوچەکە و ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد بووە و لە ئیستادا ئەگەر ببێتە هۆی لاوازبوونی حکوومەت، جێبەجێکردنی هەڵدەوەشیتەوە.

نەبەوییان ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بە ئاماژەدان بە ڕووداوەکانی سووریە ڕایگەیاندووە کە "دەبیرخانەی شۆرای باڵای ئەمنییەت"ـی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن بە چارەنووسی هاوشێوەی سووریە، فەرمانی بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە داوە.

ناوبراو لە قسەکانیدا زیادی دەکات کە دەبێت پێش بە هەر بابەتێک بگیردرێت کە ببێتە هۆی دوو جەمسەری دروستکردن لە کۆماری ئیسلامیدا.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوشارەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئاماژەپێکراو زیادی کردووە.

عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە بە زووترین کات و هەر لە مانگی ڕەمەزاندا یاسای عیفاف و حیجاب بە بێدەنگی، دەبرێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە بەرپرسانی دەوڵەت، بەتایبەتی بەرەی رێفۆرمخوازەکانی ڕێژیم، دۆخی ئێستەی ئیران لە نێوخۆ و هەروەها ناوچەکەدا بۆ جێبەجێکردنی وەها یاسایەک بە گونجاو نازانن و لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەگەر لە کاتێکی دیکەدا حکوومەت گوشارەکان بۆ سەر ژنان و کچان بە جیبەجێکردنی ئەم یاسایە چڕتر بکاتەوە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی نیزامدایە.

لە ماوەی ڕابردوودا و لە لێداوانی هێندێک لە بەرپرسانی دژبەر بە یاساکە دەردەکەوێت کە ئەم بەرەیە لەگەڵ نێوەڕۆکی یاساکە کێشەیەکی ئەتۆیان نییە و تەنیا نیگەرانی ئەو بابەتەن کە جێبەجێکردنی یاساکە لە ئێستادا ببێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و لاوازتربوونی دەسەڵات لە نێوخۆ بەتایبەتی لەم کاتەدا کە ڕێژیم لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو بەردەوام بەرەوڕووی شکستە دەرەکی و ناوچەییەکان بووەتەوە