کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە پێوەندی لەگەڵ نەورۆزی خاکیپۆشاندا

12:07 - 26 رەشەمه 2724

هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمە بەشکۆکانی "نەورۆزی خاکیپۆشان" لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستان، دوو هاووڵاتیی کورد لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕێوڕەسمەدا لە شاری شنۆ و سەقز دەسبەسەر کران.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمە، هونەرمەندێکی لاوی خەڵکی سەقز بە ناوی "فواد کشاوەرز"، دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی شاری "ساحیب" دەسبەسەر کرا.

ئەم هونەرمەندە لەو ڕێوڕەسمەدا دوای وتنەوەی چەندین گۆرانیی حەماسی، بە بڕیاڕی عەلیڕەزا ڕەزاپوور، دادستانی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەمە، سەید کەماڵ تەهایی، خەڵکی تاچیناوێی شنۆ، لە پێوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆزی خاکیپۆشان لەو شارە، کە بە هۆی دەستێوەردانی هێزە سەرکوتکەەکان و سپای پاسدارانی تێرۆریستەوە، بە نیوەجڵی مانەوە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی دژە کوردی کۆماری ئیسلامی بە توندوتیژییەوە ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کرد و پاشان بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

جێگای ئاماژەیە  کە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.