
ئەمڕۆ ١٦ی مانگی ۳ی زایینی، بەرامبەر بە ٢٦ی ڕەشەمە، ٣٧ـەمین ساڵیادی کارەساتی کۆمەڵکوژیی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. لەم ڕۆژەدا لە ساڵی ۱۹٨٨ی زایینی لەلایەن حکوومەتی پێشووی عێراقەوە بە بۆمبی کیمیایی هێرش کرایە سەر شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان. لە ئاکامدا نزیک بە پێنج هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەم شارە شەهید و دە هەزار کەسیش بریندار بوون.
کیمیابارانی هەڵەبجە تەنیا کۆمەڵکوژیی دانیشتووانی ئەو شارەی لێ نەکەوتەوە، بەڵکوو ١٤٠ هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون و سەدان کەسیش لە بنەماڵەکانیان دابڕاون و تاکوو ئێستاش نەدۆزراونەتەوە.
ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی ئەمریکا ساڵی ٢٠١٠ی زایینی ئەم کارەساتەی بە گەورەترین تاوان دژ بە مرۆڤایەتی لەقەڵەم دا و ئەم کارەساتەی بە کۆمەڵکوژی ناساند.
ئەم کارەساتە تا ئێستا لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە فەرمی بە ژینۆساید نەناسراوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەو کۆمەڵکوژییە، بوونی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە هەڵەبجەدا بوو و هێشتا شەڕی ئێران و عێراق کۆتایی نەهاتبوو کە ڕێژیمی ئێران خاکی کوردستانی بۆ هێرشکردنە سەر ڕێژیمی بەعس بەکار هێنا.