کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: پرسی کورد لە بەشەکانی کوردستان نادیدە ناگیرێت

11:04 - 12 رەشەمه 2724

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتی، دەستێوەردان لە کێشەی کورد لە هیچ وڵاتێک ناکەن، بەڵام تاوەکوو ئەو شوێنەی پەیوەندی بە حیزبی دیموکراتەوە هەبێت، دەیانەوێت رۆڵی خێر بگێڕن.

 ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەشەمە، کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتوویژێک لەگەڵ کاناڵی''ڕووداو'' ڕایگەیاند، "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە، باشترین ڕێگەچارە بۆ پرسی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، ڕێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆیە، بەڵام لەسەر ئەو پرسەی کە لە نیوان پەکەکە و تورکییە هاتووەتە ئاراوە، جارێ زووە قەزاوەت بکەین و بزانین داهاتووەکەی چۆن دەبێت."

 خالید عەزیزی وتی، ئەوەی کە گرینگە لە میدیا و بەرپرسانی تورکیە دەبینین، پرسی کورد جیدییە. لەو باوەڕەداین پرسی کورد بە گشتی لە هەموو پارچەکاندا نادیدە ناگیرێت.

 وتەبێژی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد، تاوەکوو ئەو شوێنەی پەیوەندی بە حیزبی ئێمەوە هەبێت، کە لە ڕابردووشدا هەروا بووە کە ویستوومانە ڕۆڵی خێرمان هەبێت، سیاسەتی ئێمەش لەوەدا ڕوونە کە دەستێوەردان لە کێشەی کورد لە هیچ وڵاتێک ناکەین، بەڵام پشتیوانی لە گفتوگۆی ئاشتییانە دەکەین."

 ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەمە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: ''حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەمیشە باوەڕی بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە وەکوو باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانە، بەچاوی ئەرێنی لەو بابەتە دەڕوانێ و هیوادارە ئەم پرۆسەیە بە باشترین شێوە ڕەوتی ئاسایی و یاسایی خۆی بپێوێ و ئاکامی دڵخوازی هەر دوو گەلی کورد و تورکی لە تورکیە لێ بکەوێتەوە.''