
ڕێژیم لە هێندێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەوڵدایە تاکوو پێش لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردەواری بە شێوازی نەتەوەیی بگرێت و بەشێوەی دڵخوازی خۆی بەڕێوەی ببات.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێژیم لە هێندێک لە ناوچەکانی بۆکان، ڕێسانامەیەکی ڕادەستی دێهیار و شۆراکان کردووە تاکوو پێداویستییەکان بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز بە شێوەی دڵخوازی ڕێژیم، دابین بکەن.
لەم ڕێسانامانەدا کە نموونەیەکی بۆ ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات هاتووە، دێهیار و شۆراکان ئەرکدارن تاکوو شوێنێکی گونجاو بۆ ڕێوڕەسمەکان دیاری بکەن و لە هێماکانی نەتەوەی فارس وەک "حەوت سین" بۆ نەورۆز کەڵک وەربگرن.
لە بەشێکی دیکەدا داوا لە دێهیارەکان کراوە تاکوو بە دانانی پەیامی نەورۆزیی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم و هەروەها بڵاکردنەوەی دەنگی نزا و دۆعاکردن، ڕێوڕەسمەکان بە شێوەی دڵخوازی ڕیژیم بەڕێوە ببەن.
ئەم هەوڵانەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە پێشتر و لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند هەواڵێک سەبارەت بە بەربەستەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردەواری بەتایبەتی لە شارەکانی سەقز و ئیلام، بەم ناوەندە گەیشتبوو.
هەروەها لە چەند گرتە ڤیدیۆی بڵاوکراودا، هێزەکانی ڕێژیم دەبیندران کە بە مەبەستی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان، لە هێندێک ناوچەدا لەم شارانە جێگیر کرابوون، هەرچەند کە ئەم هەوڵانەی ڕێژیم لەلایەن خەڵکی ئەم شارانەوە بە یەکگرتوویی پووچەڵ کرایەوە و ڕێوڕەسمەکان بە شێوەی دڵخوازی خەڵک، بە جلی خاکی و جامانەوە کە هێماکانی نەتەویی کوردن، بەڕێوە چوو.