
کۆمەڵێک لە پەیڕەوانی شێخ زاهیدی شەهابی سەبارەت بە هەوڵێکی نەزۆکی ڕێژیم دژی ناوبراو ئاگادارییەکیان بڵاو کردەوە.
ئەم کەسانە بە ئاماژە بە دۆخی قەیراناویی ڕێژیم و هەبوونی دەیان کێشەی وەک لەنێوچوونی دەستوپێوەندییەکانی لە ناوچەکە، دزی و گەندەڵی و مایەپووچ بوون، باسیان لەوە کردووە کە ئەم ڕێژیمە بە هەڕەشە و تۆقاندن و بانگکردنی کەسانی نیشتمانی تا دزین و بێسەروشوێنکردن، هەوڵ دەدا کوردستان لە خواستە ڕەواکانی پاشگەز بێتەوە.
ئەوان باسیان لە تێرۆری شێخ ئازاد شەهابی و دوو لە هاوڕێ و موریدەکانی ناوبراو لە شاری سەقز و درێژەدانی ڕێبازەکەی لەلایەن شێخ زاهیدی شەهابییەوە کردووە و رایانگەیاندووە کە ناوبراو بە شێوەیەکی تەواو شارستانیانە داوای مافە ڕەواکانی میللەتەکەی کردووە و لەلایەن دەسەڵاتەوە بەردەوام تووشی بەربەست و هەڕشە بووەتەوە و لە دوایین هەوڵیشدا سایت و کاناڵەکانی سپا و ناوەندە ئەمنییەتەکان دەیانهەوێ تۆمەتی هاندان بۆ شۆڕش بخەنە پاڵ شێخ ئازاد.
پەیڕەوانی شێخ زاهید بە ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی ڕایانگەیاندووە هەر جۆرە مەترسییەک کە ڕووی لە شێخ و خانەقا بێت دەیخەینە ئەستۆی دەسەڵات و دڵنیای دەکەین لە بەرانبەریاندا بێدەنگ نابین و هەڵوێستمان دەبێ و هیچ شانازییەک لە گیانفیدایی خاکی کوردستان بۆمان گەورەتر نییە.