
وتەکانی مەحموود نەبەوییان، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتە دەرەکییەکانی مەجلیسی ڕێژیم، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای عیفاف و حیجاب، کاردانەوەی بەرەی توندئاژۆکانی ڕێژیمی لێ کەوتەوە.
پاش ئەوەی کە نەبەوییان، یەکێک لە کەسایەتییە توندئاژۆکانی مەجلیس و ئەندامی بەرەی ناسراو بە "پایەداری" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی یاسای حیجابی لە دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیدا نەگونجاوە، لەلایەن بناژۆخوازەکانی مەجلیسەوە ڕەخنەی توندی لێ گیراوە.
نەبەوییان لە قسەکانیدا پاراستنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی بە پێویستترین بابەت زانیوە و ئاماژەی بەوەش داوە کە لەو کاتەیدا کە ئەم یاسایە لەلایەن مەجلیسەوە پەسەند کراوە، ڕێژیمی بەشار ئەسەد نەڕووخاوە و حەسەن نەسروڵڵاش هێشتا نەکوژراوە.
مەبەستی ئەم کەسایەتییە توندئاژۆیەی ڕێژیم ئەوەیە کە جێبەجێکردنی یاسای حیجاب لە ئێستادا دەتوانێت دۆخی لاوازی کۆماری ئیسلامی، لاوازتر بکات و ئەویش تووشی چارەنووسی ڕێژیمی ئەسەد بکات.
لەلایەکی دیکەوە بەشێکی دیکە لە بناژۆخوازەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئەگەر یاسای عیفاف و حیجاب لە ئێستادا جێبەجێ نەکرێت، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش هاوشێوەی ڕێژیمەکەی ئەسەد دەڕووخێت.
ئەزموونەکانی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" نیگەرانیی جیددی بۆ بەرپرسانی باڵای ڕێژیم دروست کردووە کە بە جێبەجێکردنی یاسای حیجاب، جارێکی دیکە سەرهەڵدانیکی لەم شێوەیە دەست پێ بکات و لە دۆخی هەنووکەدا کە کۆماری ئیسلامی بە تەواوەتی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لاواز بووە، کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕێژیم بهێنێت.
هەر بەم هۆیە شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم، بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیی دەسەڵات و شکستی بەردەوام لە سیاسەتەکانیدا بەتایبەتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، فەرمانی ڕاگرتنی یاسای حیجابی زۆرەملێ بۆ سەر ژنانی ڕاگەیاند.
وێدەچێت کە خۆڕاگری کۆمەڵگە بەتایبەتی ژنان و کچان، بەرامبەر بە یاسای حیجاب و گوشارەکانی لەم پێوەندییەدا، لێکترازانێکی لە نێو هۆگرانی توندئاژۆی ڕێژیم ساز کردووە.