
بەشی عەرەبیی کاناڵی "بی بی سی" لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا چۆنییەتی گەیشتنی پارە بە دەستی حیزبوڵڵای لوبنانی خستووەتە بەر باس و سەبارەت بە دوایین ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو لە پێوەندیی لەگەڵ بەشی دارایی ئەم گرووپەی سەر بە تاران لێکۆڵینەوەی کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی "بی بی سی"دا کە ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەشەمە بڵاو کرایەوە هاتووە، پاش بوردومانکردنی دامەزراوەکانی "قەرزولحەسەن" لە لوبنان لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە و تا ڕادەیەک ڕێگریکردن لە گەیشتنی پارەی ئێران بە دەستی حیزبوڵڵای لوبنان، ئەم گرووپە تووشی کێشەی دارایی بووەتەوە.
لە پێوەندیی لەگەڵ بوردومانکردنی چەند لقی دامەزراوەی قەرزولحەسەن لە ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە: "ئەم دامەزراوەیە یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی حیزبوڵڵا دەهاتە ئەژمار کە پێش لە هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە ٣٠ لقی لە لوبنان بوو کە زۆربەیان لە نهۆمی ژێرەوەی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، جێگیر کرابوون".
ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە کتێبی "ئابووریی سیاسیی حیزبی خوا لە لوبنان"، نووسراوەی ژۆزێف زاهر، دەڵێت: "دامەزراوەی قەرزولحەسەن بە ئامانجی کۆکردنەوەی داهات چالاکی ناکات و تەنیا وام بە لایەنگرەکانی خۆی ئەدات و بە ئەگەری زۆرەوە ئەم بانکە لە سپیکردنەوەی پارەی پێوەندیدار بە چالاکییە ئابوورییەکانی حیزبوڵڵای لوبناندا دەستی هەیە".
گرووپێکی سایبێری بە ناوی "سپایدێر زێد" ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی بە هەککردنی بەشێک لە هەژمارەکانی ئەم دامەزراوە، دەریخست کە ئەم دامەزراوە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار هەژمار بەڕیوە دەبات کە بەشێکی زۆریان پێوەندییان بە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانەوە هەیە.
ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی دیکەدا دەپەرژێتە سەر یارمەتییەکانی پشتیوانیی سەرەکیی حیزبوڵڵای لوبنان، واتا کۆماری ئیسلامی.
لەم بەشەدا هاتووە، ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەراوردی کردووە کە ئێران ساڵانە نزیک بە ٧٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتی حیزبوڵڵای لوبنان ئەدات.
حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا، ساڵی ٢٠١٦ی زایینی لە لێدوانێکدا بە ڕاشکاوی باسی لە یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم گرووپە کردبوو.
نەسروڵڵا لەو لێدوانەدا ڕایگەیاندبوو کە هەموو بوودجەی حیزبوڵڵای لوبنان لە تێچووی خواردن و مووچەی ئەندامەکانی تاکوو بوودجەی هەموو چەکوچۆڵ و مووشەکەکانی ئەم گرووپە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دابین دەکرێت.
لە ئێستادا و بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریی کۆماری ئیسلامی و هەروەها داخستنی بەشێک لە ڕێگەکانی گەیشتنی پارەی ئێران بە حیزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیل و دەوڵەتی لوبنانەوە، ئەم گرووپە لە ڕێگەگەلێکی دیکەی وەک چالاکییە نایاساییە ئابوورییەکانەوە، لەوانە سپیکردنەوەی پارە، داهاتەکانی خۆی دابین دەکات.
ڕاپۆرتەکە لە بەشی کۆتاییدا باسێک لە قاچاخ و دراوە ئێلێکترۆنییەکانی حیزبوڵڵا دەکات و جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم گرووپە لە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی لوبنان وەک خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردە، داهاتێکی بەرچاو بۆ خۆی دابین دەکات.
توێژینەوەکانی ناوەندێکی بیرکردنەوە لە لەندەن ڕایگەیاندووە کە حیزبوڵڵا پێش ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد، مانگانە نزیک بە ٣٠٠ میلیۆن دۆلار داهاتی لە ڕێگەی قاچاخی سووتەمەنییەوە بۆ سووریە دەست کەوتووە.
جیا لەم بابەتە حیزبوڵڵای لوبنان بە هاوکاریی ماهێر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد، ڕۆڵی سەرەکیی لە قاچاخکردنی ماددەی هۆشبەری "کاپتاگۆن"دا هەبووە و لەم ڕێگەیەوە میلیۆنها دۆلار داهاتی هەبووە.