
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئەمجەد ساڵحزادە" تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی ئەحمەد و خەڵکی سەقز، نزیکە دوو مانگە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە. ناوبراو دوای دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی شارامفەری ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە ڕاگوێزرابوو و تاکوو ئێستا لەو ناوەندە ڕاگیراوە.
بە وتەی کوردپا؛ ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و چارەنووسی ناڕوونە.
ئەمجەد ساڵحزادە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکاندایە.
ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کرد.
ناوبراو لە خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزای داسەپاو، سزای ناوبراو بۆ پێبژاردنی سەد و ٦ میلیۆن تمەن سزای نەختی گۆڕدرا.
ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا بانگی ئیتلاعاتی سەقز کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.
کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بەرێوە چوو و ناوبراو بە "چالاکیی تەبلیغی دژی ڕێژیم" تۆمەتبار کرابوو.