
پارێزگاری ئیلام له وتووێژێکدا ڕایگه‌یاندووه که له پارێزگای ئیلام‌دا ١٥٤ پڕۆژه‌ی نیوەچڵ هه‌یه که بۆ كاراکردنه‌وه و دووباره ده‌ستبه‌کاربوونه‌وه‌یان پێویستیان به سێ هەزار و ٦٠٠ میلیارد تمەن بوودجه‌یه.
ئه‌حمه‌د که‌ره‌می ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٧ی ڕه‌شه‌مه، له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕ و هه‌واڵده‌رییه‌کانی ڕێژیم‌دا وتوویه‌تی: "له کۆی هه‌زار و ١٢٩ پڕۆژه و گه‌ڵاڵه له ئیلام‌دا، ١٥٤ پڕۆژه‌ی نیوەچڵ هه‌یه که بۆ ته‌واوکردنیان پێویستی به بوودجه‌ی زیاتره و ئه‌و بوودجه‌ی کە دیاری کراوه زۆر که‌متره له پێویستیی پێداویستییه‌کانی پڕۆژه‌کانی ئه‌و پارێزگایه".
لە پارێزگای ئیلام کە پیشەییترین پارێزگای ئێرانە و خاوەنی ڕێژەیەکی زۆری سامانە سروشتی و کانزایی و پیشەییەکانە، کرێکاران بەهۆی نەداری و بێکارییەوە کۆتایی بە ژیانیان دێنن.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا پێشتریش "ئیکۆ ئێران" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بەشداریی پارێزگاکانی ئێران لە بەشی پیشەسازی و ته‌واوکردنی پڕۆژه پیشییه‌کاندا لە زستانی ساڵی ڕابردوودا کرد کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پارێزگاکانی کوردستان وه‌کوو، ئیلام، کرماشان و ورمێ کەمترین پشکیان لە پیشەسازیدا هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی ''ئێکۆ ئێران''، پارێزگای کرماشان لە زستانی ساڵی ١٤٠٢ و لە نێوان ٣١ پارێزگا لە سەرتاسەری ئێرانەوە، بە پشکی ٢١.٩ لەسەد، کەمترین پشکی دامەزراندنی لە پیشەسازیدا هەیە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئامارییە، لە دوای کرماشان، پارێزگای ورمێ کەمترین پشکی لە پێشەسازیدا بە ڕێژەی ٢٢ لەسەد هەیە.
هەروەها پارێزگاکانی سنە بە ڕێژەی ٢٥.٥ لەسەد و ئیلام بە ڕێژەی ٣١.٨ لەسەد لەم هێڵکارییە ئامارییەدا لە پلەی چوارەم و چواردەهەمدان.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە نێونجی پشکی دامەزراندنی وڵات لە پیشەسازیدا ٣٣.٥ لەسەدە و ١٥ پارێزگا بە پارێزگاکانی کوردستانیشەوە پشکی کەمتریان لە سەرانسەری ئێران‌دا لە پیشەسازیدا هەبووە.