
کتێبخانەی نیشتمان لە گوندی نستان سەر بە شاری ڕەبەت بە بۆنەی چوارشەممەسووری و جێژنی نەورۆزەوە چالاکییەکی تایبەتی بەڕێوە بردووە و داوای کردووە کە خەڵکی کوردستان بەو بۆنەوە لە کڕینی تەقەمەنی و تەقاندنی تەرەقە خۆ بپارێزن و هەروەها پاراستنی ژینگە لەبەرچاو بگرن.
منداڵان لە گوندی نستان بە جلوبەرگی کوردی و ڕازاوە لە دروشمێکدا لە ژێر ناوی ''هەڵمەتی نا بۆ تەقەمەنی، بەڵی بۆ پاراستنی ژینگە، بەڵی بۆ پاراستنی دابونەریتی ڕەسەنی کوردستانەکەم'' بۆ پێشوازی لە جێژنی نەورۆز ئەو چالاکییەیان بەڕێوە برد.
ئەندامانی کتێبخانەی نیشتمان لەو چالاکییەدا بە خوێندنەوەی پەیام داوایان کردووە کە لە ڕێورەسمەکانی چوارشەممەسووری و نەورۆزدا خەڵک خۆیان لە کڕین و تەقاندنی تەرەقە وەک دیاردەیەکی ناحەز و ناڕەسەن بەدوور بگرن.
هەروەها داوایان لە خەڵک کردووە گرینگی بە ژینگەی کوردستان بدەن و وەک چاوی خۆیان بیپارێزن و لە خاوین ڕاگرتنی ژینگە بەرپرسیار بن.