
سه‌رۆکی کۆمیته‌ی تایبه‌تیی ڕێژیم له‌مه‌ڕ به‌دواداچوون بۆ سه‌رکوتی شۆڕشی ژینا له ساڵی ١٤٠١ دا وتوویه‌تی: "١٠ که‌سمان قه‌ساس کردووه، له سێداره‌مان نه‌داون".
سه‌رۆکی کۆمیته‌ی تایبه‌تیی ڕێژیم له‌مه‌ڕ به‌دواداچوون بۆ سه‌رکوتی شۆڕشی ژینا له دژکرده‌وه به دوایین ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان لە چەواشەکارییەکدا وتی: "زۆرێک له‌و کوژراوانه‌ی ئه‌و کۆمیته‌یه باسیان ده‌کا یان زیندوون یان به مه‌رگی ئاسایی گیانیان له‌ده‌ست داوه و یان خۆیان کوشتووه".
ڕۆژی هه‌ینی ٢٤ی ڕه‌شه‌مه، کۆمیته‌ی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، له ڕاپۆرتی نوێ خۆیدا به‌نیسبه‌ت سه‌رکوتی خوێناویی ناڕهزایهتییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی به جینایه‌ت دژی مرۆڤایه‌تی له قه‌ڵه‌م دا.
ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان پشتی به به‌دواداچوون و ده‌رخستنی ڕاستییه‌کان له ڕێگه‌ی نیشاندانی زیاتر له ٣٨ هه‌زار به‌ڵگه و وتووێژ و ٢٧٥ شایه‌تحاڵ به‌ستووه.
حوسێن موزه‌ففه‌ر، سه‌رۆکی ئه‌و کۆمیته‌یه‌ی ڕێژیم، هه‌وڵەکانی کۆمیته‌ی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی به "نابه‌جێ و ناڕێکوپێک" ناو بردووه و وتوویه‌تی: "له ڕه‌وتی ناڕهزایهتییەکانی ١٤٠١دا ٧٠ که‌س له هێزه‌کانمان کوژراون و سێ هه‌تا چوار هه‌زار که‌سیش بریندار بوون".
هه‌روه‌ها له ڕاپۆرتی کۆمیته‌ی دۆزینەوەی ڕاستییەکان له‌مه‌ڕ ئاماری لەسێداره‌دراوانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی‌دا نووسیبووی: "کورد، به‌لووچ و عه‌ره‌ب زۆرترین ڕێژه‌ی سه‌رکوت و له‌سێداره‌دانیان به‌رکه‌و‌تووه و ٩٤ له‌سه‌دی له‌سێداره‌دراوان لە ئێران تایبه‌ت به‌و سێ نه‌ته‌وه‌ن".
ڕێپۆرتێری تایبه‌تی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان سەبارەت بە له‌سێداره‌دانی به‌ربڵاو له دژی که‌مینه نه‌ته‌وه ـ ئێتنیکەکان له‌لایه‌ن ڕێژیمی ئێرانه‌وه هۆشداریی دا و له‌و باره‌وه نووسیویه‌تی: "ئه‌وه نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که ڕێژیمی ئێران سزای له‌سێداره‌دانی وه‌کوو ئامرازێک بۆ کوشتن، سه‌رکوت و بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکێ به شێوه‌ی سیستماتیک به‌تایبه‌ت له‌هه‌مبه‌ر کورد، به‌لووچ و عه‌ره‌ب به‌کار هێناوه".
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته که به شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دراوه هاتووه که ڕێژه‌ی ٤٩ له‌سه‌دی به‌ندکراوانی سیاسیی له‌سێداره‌دراو له ئێران‌دا له نێوان ساڵه‌کانی ٢٠١٠ هه‌تا ٢٠٢٣ له نه‌ته‌وه‌ی کورد بوونه، هه‌روه‌ها ٢٩ له‌سه‌د به‌لووچ، ١٦ له‌سه‌دیش له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و که‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و قه‌ومییه‌کانی دیکه بووه.