
بۆ جارێکی دیکە قامیشەڵانەکانی گۆلی زرێبار لە مەریوان لەلایەن بریکارەکانی ڕێژیم و دوژمنانی ژینگەی کوردستانەوە ئاگریان تێ بەردرا و زیانێکی بەرفراوان بە سروشت و دیمەنی دەریاچەکە گەیشت.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، جارێکی دیکە ژینگەی کوردستان کرایە ئامانجی هێرشی بە ئەنقەست لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە و لە ئەنجامدا دەیان هێکتار لە قامیشەڵانەکانی گۆلی زرێبار ئاگریان تێ بەردرا.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاگرە کە بە ئەنقەست هەڵگیرسا، هێزە خۆبەخشەکان و ژینگەپارێزانی مەریوان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران، بەڵام بە هۆی قەبارەی گەورەی ئاگرەکە، بای بەهێز، و ئیمکاناتی سنووردار، دەیان هێکتار لە سروشتی پاک و خاوێنی زرێبار سووتا و دواجار کاتژمێر ٤:٠٠ی بەیانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا.
ئەم ئاگرە لەلایەن بەرژەوندیخوازان و ماسیگرەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بە ئامانجی لابردنی بەربەستە سروشتییەکان و دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە گۆلەکەوە هەڵ کراوە.
قامیشەڵانەکانی زرێبار پەناگە و شوێنی ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە جۆرەکانی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانن و ئاگرکەوتنەوە زۆرەکانی ساڵانە لەم ناوچەیەدا ئیکۆسیستەمی زرێباریان خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە.
"زرێبار" وەک یەکێک لە گرینگترین شوێنە سروشتییەکانی کوردستان شوێنی نیشتەجێبوونی دەیان جۆری ڕووەک و ئاژەڵ و پەلەوەرە و ساڵانە ئاگرکەوتنەوەی گوماناوی لە دەورووبەری ڕوو دەدات، بەڵام دامەزراوەکانی ڕێژیم لەبری دەستنیشانکردن و سزادانی تاوانباران، ئەو کارەساتە ژینگەییانە پشتگوێ دەخەن، ئەمەش زیاتر ڕۆڵی شاراوەی هێزەکانی سەر بە ڕێژیم لەم ئاگرە بە ئەنقەستانەدا ئاشکرا دەکات.