کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەردەنگی لاپەڕە دژبەرەکانی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

19:11 - 28 رەشەمه 2724

لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئەو لاپەڕانەی کە پشتیوانی لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ئینستاگرامدا دەکەن بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەیان کردووە و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیم بۆ سنووردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرئەنجامێکی پێچەوانەی هەبووە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەم دواییانەدا بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی لاپەڕەکانی ئینستاگرام کە ناوەڕۆکی سیاسی دژی ڕێژیمیان هەیە زیادی کردووە و لە دوای بزووتنەوەی ژینا ئەو بابەتە گەشەی کردووە.

ئەم ئامارانە نیشان دەدەن کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سنووردارکردنی میدیای ئازاد و پاڵنانی خەڵک بۆ پلاتفۆرمە ناوخۆییەکان نەک هەر بێ ئەنجام بووە، بەڵکوو بووەتە هۆی ئەوەی کە بەکارهێنەران زیاتر پشت بە ئینستاگرام ببەستن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەبولفەزل حاجیزادەگان، توێژەری کۆمەڵایەتی و شارەزای سۆشیاڵ میدیا، گەشەی ڕێژەی ئەو کەسانەی کە بەدواداچووون بۆ بابەتی پەیجە سیاسییەکان دەکەن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەتایبەتی دوای بزووتنەوەی ژینا. بە پێی دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیە، گەشەی بینەری لاپەڕە سیاسییەکان لە سێ ڕەوتی "بناژۆخواز"، "گۆڕانخواز" و "ڕیفۆرمخواز" زیاترە.

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ جێگرتنەوەی پلاتفۆرمە ناوخۆییەکان شکستی هێناوە و ئینستاگرام کە لە ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ەوە دوای بزووتنەوەی ژینا فیلتێر کراوە، تا ئێستاش یەکێکە لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی کە بەکارهێنەری زۆرە.

بەپێی دەرەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە کە بە هاوکاریی وەزارەتی زانست ئەنجام دراوە، ۸۹٪ی بەشداربووان تێلێگرام، ٨٥٪ ئینستاگرام، ٦٦.٧٪ واتساپ، ٥٠.٤٪ یوتیوب، ٢٣.٥٪ ئێکس بەکار دەهێنن.

لەلایەکی دیکەوە پلاتفۆرمە ناوخۆییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئیتا ٣٨.٤٪ و ڕۆبیکا لە  ٢٩.٦٪ بەکارهێنەری هەیە.