کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەردۆغان ڕوو بە پە‌کە‌کە: ئاگادار بن بەڵێنەکە نەشکێنن

11:36 - 12 رەشەمه 2724

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە، ڕوو بە  پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وتی کە داواکارییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری ئەو پارتە بۆ دانانی چەک و بەشداریکردن لە پرۆسەی ئاشتی قبووڵ بکەن، و بە نیگەرانییەوە هۆشداریی دا کە پێبەندبوونەکە نەشکێنن.

ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەشەمە، ئەردۆغان وتی ئەگەر پڕۆسەی دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕابگیرێت یان بە بەڵێنەکانییەوە پێبەند نەبێت هۆشداری دا کە تورکیە عەمەلیاتە سەربازییەکانی دژی پەکەکە دەست پێدەکاتەوە.

ناوبراو لە ڕێوڕەسمی بەربانگ لە ئیستانبوڵ کە هاوکات لەگەڵ یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بەڕێوە چوو، جەختی لەوە کردەوە کە ئانکارا لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەک لە ڕێککەوتنەکە دەست بە چالاکییە سەربازییەکانی دەکاتەوە.

ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند کە لە وڵامی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ئاگربەست لەگەڵ تورکیە جێبەجێ دەکات.

پەکەکە ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی شەممەوە پابەندی بانگەوازی ڕێبەری بەندکراوی خۆی بۆ ئاشتی و ئاگربەست دەبێت و هیوای ئەوەیان دەربڕی کە ئانکارا عەبدوڵڵا ئۆجالان کە لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە لە بەند دایە ئازاد بکات بۆ ئەوەی بتوانێت پڕۆسەی ئاشتی و دانانی چەک بباتە پێش.

ئەردۆغان هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەبێت هەندێک دۆخێکی سیاسی و دێموکراتیک دیاری بکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەشەمە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەلایەن هەیئەتی دەم پارتی بە بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی لە شاری ئیستانبۆڵ، ڕوو بە بیروڕای گشتی خوێندرایەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەشێکی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک و بڕیاردان لەسەر تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە ڕێکبکەون و پێویستە هەموو گرووپەکان دەستبەرداری چەک بن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."