کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە نەورۆزی خاکیپۆشان

11:20 - 29 رەشەمه 2724

کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک پشتیوانیی خۆی لە نەورزۆی خاکیپۆشان ڕاگەیاند.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاووڵاتییانی بەرێز

کوردستانییانی دلۆڤان

لەگەڵ پیرۆزبایی نەورۆز لە هەمووان بە گشتی، لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بە تایبەتی، کۆنفیدراسیۆن پشتیوانیی هەمەلایەنەی خۆی بۆ کەمپینی نەتەوەیی و بەرفراوانی ''نەورۆزی خاکیپۆشان'' لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات دەکاتەوە. لە ڕۆژهەڵات کۆی هەوڵەکان لەم بوارەدا بە شێوەیەکی جوان و ڕازاوە و لە هەنگاوێکی پڕ نێوەرۆک و شوناسخوازانەدا سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەنیوە، وەکوو ڕۆژی ڕوون دیارە کە گەل شاد و شکۆمەندە و دوژمن حەپەساو و دەستەوەستانە.

ئەو جۆش و خرۆشە مەزنەی لەم هەلومەرجە دژوارەدا لە ڕۆژهەڵات لە ئارادایە، ئاماژەی زیندوویی و نەسرەوتنی نەتەوە مافخوازەکەمانە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی، گەل نیشانی داوە شیاوی ئەوەیە مافەکانی دەستەبەر بکرێ.

کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وەکوو مەزنترین و بەرفراوانترین دەنگی کوردستانییانی دەرەوەی وڵات، شانازی بە کەمپەینی نەتەوەیی ''نەورۆزی خاکیپۆشانی''کوردستان دەکات و لە هەموو جێگایەک دەنگوڕەنگی بەرحەقی مافخوازیی ئەوان دەبێ و خۆمان بە ئەرکدار دەزانین کە هەموو پێشێلکارییەکی ڕێژیمی پەت و سێدارەی ئێران لەم پێوەندییەدا لە کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەییدا لەقاو بدەین.

سەرکەوتن بۆ کوردستان

بڵێسەدار بێ ئاگری نەورۆزی خاکیپۆشان

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

ئۆفیسی پێوەندییە نێونەتەوەییەكان