
ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەشەمە ڕێوڕەسمێک بۆ پێشوازی لە نەورۆزی خاکیپۆشان بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی دێموکرات و هەروەها ئەندامانی حیزب لە مەڵبەندی ١ی کوردستان بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر خاتوو هێرۆ عەزیزی پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە بە ناوی مەڵبەندی ١ی کوردستانەوە بەخێرهاتنی میوانان و ئامادەبووانی کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی نەورۆزیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی دەسپێکی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی لە لایەن بەڕێز عومەر باڵەکی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پیشکەش کرا.
لە بەشێک لەم پەیامەدا هاتبوو: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پشتبەستن بە هێز و ئیرادەی ئێوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە پشتیوانیی لە خەباتی شوناسخوازانەی گەل کە هەر ئێستا لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆردا لە بەردەوامبوون و بەرەوپێشچووندایە، پێی وایە بەهێزکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی وڵات و کارکردن بۆ یەکخستنی هێزی مەیدانیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات دەتوانێ پاشەکشە بە سیاسەتی سەرکوتی ڕێژیم بکات و لە کۆتاییدا ڕوخانی ئەم ڕێژیمەی لێ بکەوێتەوە. بۆیە لێرەوە ڕوومان دەکەینە گشت کەسایەتی و هێزە سیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و جارێکی دیکەش پێداگری لەسەر زەروورەتی یەکخستنی نێوماڵی کوردی، یەکگرتوویی گەلانی ئێران و پێوستیی لێکنزیکبوونەوەی زیاتری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە و بۆ بەدیهێنانی ئەمەش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەک هەمیشە ئامادەیی خۆی دەردەبڕێتەوە و خۆی بە ئەرکدار دەزانێ.
لە بڕگەی دواتردا، سروودێک لە ژێر ناوی سروودی نەورۆز کە لەلایەن گرووپی سروودی مەڵبەندەوە ئامادە کرابوو پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکەدا مامۆستا بێبەش پیرۆتی چەند شێعر و پەخشانێکی نەورۆزی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
دواتر پێشمەرگەری هێژا کاک عوسمان ڕەحمانی سروودێکی لەژێر ناوی "نەورۆز جەژنی کوردانی" بە هاوکاریی گرووپی سروودی خاکیپۆشان پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕيسمەکەدا ئاگری نەورۆز لەلایەن کاک عومەر باڵەکی و ڕۆمینا شێخانی کچی شەهید لوقمان شێخانی و چالاک ئیسماعیلی کوڕی شەهید جەماڵ ئیسماعیلییەوە هەڵ کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕکێی گشتیی ئامادەبووان لە دەوری ئاگری نەورۆز کۆتایی پێ هات.