کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: ئێران داوای لە حوسییەکان کرد ئاستی گرژییەکان کەم بکەنەوە

10:39 - 30 رەشەمه 2724

ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٣، دوو بەرپرسی باڵای ئێران بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو پەیامێکی زارەکیی بۆ نوێنەری حوسییەکان لە تاران ناردووە و داوای لێ کردوون ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کەم بکەنەوە.

ئەو دوو بەرپرسە کە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی شەممە لە میانەی دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی لە شاری مەسقەت، داوای لێ کرد پەیامێکی هاوشێوە بە حوسییەکان بگەیەنێت.

تا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمییان سەبارەت بە پەیامەکانیان بۆ حوسییەکان سەبارەت بە پێشهاتەکانی حەفتەی ڕابردووی ناوچەکە نەداوە. کۆماری ئیسلامی ئیدعای ئەوە دەکات کە حوسییەکان بڕیاری سەربەخۆ دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، وەزیری دەرەوەی حوسییەکان ڕایگەیاندووە، ئەو گرووپە بە گوشاری نیزامیی ئەمریکا یان بە داواکاریی ئێران کۆتایی بە هێرشەکانیان دژی کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە دەریای سوور ناهێنن.

جەماڵ عامر، وەزیری دەرەوەی حوسییەکانی یەمەن بەو هەواڵدەرییەی وتووە: تا ئەو کاتەی گەمارۆدانی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە کۆتایی پێ دێت، هیچ وتووێژێک لەسەر کەمکردنەوەی عەمەلیاتەکان ناکرێت.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک بە زمانی ئینگلیزی و فارسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر هەر هێرشێکی حوسییەکان بە بەرپرسیار دەزانێت.

ترامپ نووسیویەتی، هەر هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن حوسییەکانەوە بە توندی وڵامی دەدرێتەوە و هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەم وڵامدانەوەیە تەنیا لە یەمەندا سنووردار بێت.