کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کرد

12:32 - 12 رەشەمه 2724

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هەیئەتێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرپەرەستیی بەڕێز نەوید مێهرئاوەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە بە مەبەستی پیرۆزباییکردنی کۆنگرەی ١٧ی حیزب، کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن هەیئەتی حیزبەوە بە سەرپەرەستیی بەڕێز محەممەدنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و ژمارەیەک لە هاوڕێیانی ڕێبەری و بەرپرسانی حیزبی پێشوازییان لێ کرا .

لەم سەردانە دوستانەیەدا بەڕێز محەممەدنەزیف قادری بە ناوی دەستەی کارگێڕی و ڕێبەریی حیزبەوە سپاس و پێزانینی حیزبی پێشکەش بە هەیئەتی کۆمەڵە کرد و لەسەر ئاکام و ئامانجەکانی کۆنگرەی حیزب و سیاسەت و تێڕوانینەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەلومەرجی ئێستای خەبات و زەرورەتی هاوکاری و هاوخەباتیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات باسێکی پێشکەش کرد .

لە دیدارەکەی نێوان هەیئەتی حیزب و کۆمەڵەدا پرسی دیالۆگی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک ) و دەوڵەتی تورکیە هاتە بەرباس و هەردوولا پێداگرییان لەسەر چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان کردەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا هەر دوو هەیئەت پێداگرییان لەسەر پتەوترکردنی پێوەندییەکانی نێوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردەوە.