
پەیامی بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بە بۆنەی جێژنی نەورۆزی ١٤٠٤ی هەتاوی
خوشک و برایانی بەڕێز!
هاونیشتمانییانی تێکۆشەر!
بەبۆنەی جێژنی نەورۆز، پیرۆزبایی گەرم لە هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکانی ئێران، بە تایبەت نەتەوەی کورد، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و کۆمەڵگەی وشیار و ئازادیخوازی کوردستان دەکەم. لەبەرانبەر زیندانییانی سیاسی و بنەماڵە بەڕێزەکانیان سەری رێز دادەنوێنم.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
خوێندنەوەی ڕووداوەکانی یەک ساڵی ڕابردوو لە چەند ڕووەوە جێی سەرنجن. شکستی پڕۆژە سیاسی و سەربازییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان، یەکێک لە ڕەهەندەکانیەتی. دەستپێکەکەی، بە شکستی شانۆی بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری، بە هۆی دەنگی"نای"ی زۆرینەی خەڵکەوە بوو. دواتر، تێکشکان و لاوازیی هێزە نیابەتییەکانی بەدوادا هات. ئەم شکستە لە پانتایەکی سەربازی، هەواڵگری و مەیدانیدا ڕووی دا کە پێشتر کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو "قووڵاییی ستراتیژیک"ی خۆی ناوی لێ دەبرد. ئەم هاوکێشە نوێیە، کە لە بەستێنی گۆڕانکارییەکی بەرفراوانی ناوچەییدا هاتووەتە ئاراوە، لەگەڵ شکستە سەربازییەکانی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان و بەتایبەت دوای کەوتنی رێژیمی بەشار ئەسەد، بۆشاییی سەربازی، هەواڵگری و بەگشتی قووڵاییی قەیرانە نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامییش زیاتر دەرکەوت.
لە ساڵی ١٤٠٣دا، ئەو قەیرانانە بە کۆمەڵێک قەیرانی کەڵەکەبوو و تێکچرژاوی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و وزە و بەڕێوەبەری، قووڵتر بوونەوە. قەیران و گەندەڵیی پێکهاتەییش، بەشێکی دانەبڕاو لە کولتووری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە لە ڕێگەی تێکهەڵکێشکردنی هێزی سەرکوت، دامەزراوە، یاسا و ئیدئۆلۆژییەوە، بەرهەم دێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە تەواوییەتی خۆیدا پێداگری لە سەر"وەزعی مەوجوود" دەکاتەوە. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ دۆخی چەقبەستووی ڕێژیم و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان.
هەر لەم ساڵەدا، ڕێژەی ئیعدامەکان بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ١٧٪ زیادی کردوە. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، زیاترلە ٩٠٠ کەس ئێعدام کراون کە ٣١ کەسیان ژن بوون. زیاتر لە ١٤٠ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون. بڕیاری لەسێدارەدانی دەیان کەس دەرکراوە. لە کوردستانیش دوو ژنە چالاکی سیاسی بە ناوەکانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
لە کوردستانیشدا ئەمساڵ، ئیعدام و دەرکردنی بڕیاری لە سێدارەدان، سەرکوتی ژنان، کرێکاران، خوێندکاران، کردنە ئامانجی کۆڵبەران، گرتن و زیندانیکردنی ژینگەپارێزان، ڕۆژنامەوانان، مامۆستایان، چالاکانی مەدەنی و چالاکانی بواری زمان و دەیان تاوان و پێشێلکاریی دیکە، دیمەنە هەمیشەییەکان بوون.
وێڕای دۆخی سەرکوت، ڕەوتێکی مانادار لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، وەلانانی حیجابی زۆرەملێیە لە لایەن کچان و ژنانەوە. ژنانی بوێر و وشیار، سەرەڕای سزا و یاسا دژەمرۆییەکان، بەم کردەوەیان، پرسیاریان لەسەر ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتی دواکەوتووی ڕێژیم دروست کردوە و، سەلماندوویانە داکۆکی لە ئازادی و مافە زەوتکراوەکانیان دەکەن. بە گشتی بەرەی دژبەرانی ڕێژیم و لە سەرووی هەمووانەوە بزووتنەوەی ژنان، قۆناغێکی نوێ لە ململانێ ئەزموون دەکەن.
لە خەباتی پتر لە سەد ساڵەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕوونی دەبینرێ کە بیری کوردایەتی و ئازادیخوازی بووەتە بەهایەکی گرینگی فکری و سیاسی. ئیستا لە هەموو گوند و شارەکاندا خەڵک زیاتر لە جاران ڕادەی وشیاریی نەتەوەییان بەرز بووەتەوە. ئاکامی هەڵکشانی وشیاریی نەتەوەیی، لەسەر شەقامی کوردستان و لە قۆناغی بزووتنەوەی ژینادا زیاتر خۆی دەرخست. فرەجەمسەربوونی خەباتی دژەستەمی نەتەوەیی لە کوردستان، ئاماژەکانی وەدیار کەوتوون.
کوردستانیانی ئازادیخواز!
ئەگەرچی پەیوەندییەکانی نێوان ناوەند و پەراوێزخراوەکان، ڕەهەندێکی داگیرکارانەی هەیە و ئەم خۆبەناوەندکردنە، لە ڕەوتێکی مێژووییدا بەدامەزراوەیی کراوە، بەڵام بەردەوام وەکوو بابەتێکی سروشتی و ئاسایی نیشان دراوە. ناوەندێک کە لەپێناو پاراستنی ناسیۆنالیزمی سەرکوتکەری ئێرانیدا، ڕشتنی خوێنی مرۆڤەکان پیرۆز دەکات. ئەم ناسیۆنالیزمە، بە زەبروزەنگ، کولتوور و زمانی فارسیی بە سەر غەیرەفارسەکاندا سەپاندوە. ویستوویەتی بە ناوی کولتووری هاوبەشی ئێرانییەوە، کولتووری فارسی وەک کولتووری نەتەوەیی داسەپێنێت.
لێکەوتەی بنیاتنانی دەوڵەتی ئێرانی (بە واتای سەروەریی یەک پێکهاتە)، بە درێژایی مێژووی خۆی، بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندیی باڵادەستییە کە تیایدا، فرەنەتەوەیی و فرەناسنامەبوونی جوغرافیای ئێرانی هاوچەرخ ، حاشای لێ کراوە. بەڵام ئەم هاوکێشەیە، لە دوای بزووتنەوەی"ژینا" و ڕاپەڕینی هەرێمە نەتەوەییەکان، لە بەرژەوەندیی پەراوێزخراوەکان، لاسەنگ بووە. هاوکێشەیەکی نوێ لە کوردستان و ئەم هەرێمانە هاتووەتە کایەوە. بزووتنەوەی ژینا، لەگەڵ ئەوەی مانیفێستێکە بۆ ئازادی، هاوکات بەستێنێکە بۆپێکگەیشتنی دەنگە سەرکوتکراوەکان. هاوخەباتی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکانی نێو جوغرافیای ئێرانیش، هێز و وزەیەکی پەنگخواردووە بەرانبەر بە هەموو پاوانخوازییەک. ئەم گۆڕانکارییە بێوێنەیە و، هێزی یەکلاکەرەوەی داهاتووی سیاسیی نەتەوەکان و کۆمەڵگاکانی ناو ئێرانە. بە تایبەت کوردستان زیاتر لە جاران، ئاگاداری چەوساندنەوەی جێندەری و ڕەهەندەکانی ستەمی نەتەوەیی بووەتەوە و دەیهەوێ بە پێشەنگایەتیی ژنان، کۆمەڵگای کوردی، یەکسانییەکی زیاتری تێدا ببینرێ.
خوشک و برایانی خۆشەویست!
بۆ مرۆڤی ئازادیخواز و نەتەوەی بەهەڵوێست، کە دۆخی بێ مافی و بێ دەسەڵاتیی خۆی ناسیوە، تێپەڕاندنی دۆخی بندەستی، یەکەم بژاردەیە. بە تێگەیشتنی قووڵ لەو واقعییەتە کە ڕۆژانە لەسەر خاکی خۆی، مێژوو، ناسنامە، زمان ، هێما و بەها نەتەوەییەکانی لە ژێر سڕینەوە و هەڕەشەدایە، تەنیا ڕێگا، خەبات و خۆڕاگرییە. پابەندبوون بەم پڕەنسیپانە، ئەرکێکی مێژوویی، سیاسی و نەتەوەییە. خەباتی سەخت و خوێناوی لە پێناو ئازادی و سازدانی بزووتنەوەیەکی فرەڕەهەند و بەربڵاوی نەتەوەیی لە مێژووی هاوچەرخدا، لای کوردستانیان، ئەم ئەرکەی گۆڕیوە بۆ بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە خاک و ناسنامە.
خاڵێکی هاوبەشی ڕاپەڕینی" ژینا" و "بۆنەی نەورۆز"، نواندنەوەی تایبەتمەندیی فرەچەشنیی کۆمەڵگای کوردستانە. بزووتنەوەی ژینا، بەهاکانی ژیانێکی دوور لە چەوسانەوەی بۆ کوردستانیان نواندەوە. بیری کوردایەتی زیاتر لە هەموو کات ئاوێتەی مانای ڕزگاریخوازی و بەها گوتارییەکانی بووە. نەورۆزیش بووەتە بۆنەیەک کە سەرەڕای گرێدانی نەتەوەی کورد بە مێژوویەکی کۆنەوە، مانایەکی سیاسی، گوتارێکی داهێنەرانە و ڕزگاریخوازانەی لێ بەرهەم هاتوە. لەم مانا نوێیەدا، نەورۆز کەرناڤاڵێکی بەرخۆدانی نەتەوەییە. ئاماژەیەکی ڕوون کە مەبەست لێی، ڕابوون و ڕاسانە دژ بە داگیرکاری و بێ مافی.
لە بزووتنەوەی ژینادا، کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بە هەموو چین و توێژەکانەوە بەشدار بوون. لە خوێندنکاران و کرێکارانەوە بگرە تا مامۆستایانی ئایینی؛ لە ژنان و کچانی ئازادیخوازەوە بگرە تا ئەو کاسبکارانەی بە حەوتوو دووکان و بازاڕیان دادەخست، لە یاریزانەکانەوە بگرە تا مامۆستایانی قوتابخانە. بەم شێوەیە خەڵکی ڕۆژهەڵات نیشانی دا، ڕەمزی نەمریی کوردستان لە فرەچەشنی و هاوهەلوێستیدایە. نیشانی دا، هەموو کاتێک دژ بە هەر جۆرە بیرۆکەیەکی فاشیستییە کە بیهەوێ ماف و کەرامەتی سەرکوت بکات. لە نەورۆزی ئەمساڵیشدا وەکوو نەریتێکی دژەستەم و دژەداگیرکاری، نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگر بە کۆشکی تاریکییەوە دەنێت. هێمای خاکیپۆشان و پارێزەرانی خاک، ئاوێتەی جلوبەرگی ڕەنگاڵەی کوردستانیان دەبێ. یەکدەنگ، سروودی ئەی ڕەقیب دەڵێنەوە و، نەورۆز دەکەن بە هەوێنی نوێبوونەوە، بەهێزبوونەوە و یەکیەتیی نەتەوەیی لە هەموو کوردستان.
کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات، بە هۆی بەسیاسی بوونی شوناسی کوردی و ئەزموونی دوور و نزیکی لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و مەدەنی، توانای خۆڕێکخستنی هەیە. کۆمەڵگەیەکی" پێشەنگ" کە مەیداندارە؛ خۆی بە خاوەن پرسی نەتەوە وناسنامەی خۆی دەزانێ. هەر لەم پەیوەندییەدا، وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێمان وایە هەلومەرجی نوێی ناوچەیی و لاوازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نیوخۆ و دەرەوە، بەستێن و دەرفەتێکی لەبارە بۆ سازدانی هاوپەیمانیی ئازادیخوازان و هەرێمە نەتەوەییە بندەستەکان دژ بەم ڕێژیمە. سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەخت لە سەر یەکڕیزی و هاوخەباتیی سەرجەم هێز و لایەنەکانی کوردستان دەکەینەوە. وەکوو حیزبی دێموکڕات، بە خوێندنەوەی هەلومەرج و دەرفەت و هەڕەشەکانی سەر ڕێی بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان، بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆمان لەبەر چاوە. بە خوێندنەوەی ڕەهەند و قووڵاییی گۆڕانکارییەکان، وێڕای خۆڕێکخستنمان، پێداگرین لە سەر گوتاری کوردستانی، یەکڕیزیی نیشتمانی و پێکگەیشتنی نەتەوەیی.
بەرزو پیرۆز بێت نەورۆزی کوردەواری
مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٣٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی