
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی دێموکرات و هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب، ڕێوڕەسمێک بۆ بەرز ڕاگرتنی نەورۆزی خاکیپۆشان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگەیاندنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان لەلایەن شەونم هەمزەیی پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەوە دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی دواتردا، کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی نەورۆزیی خۆی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
بەڕێز هیجری لەم پەیامەدا وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکانی ئێران، بە تایبەت نەتەوەی کورد، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و کۆمەڵگەی وشیار و ئازادیخوازی کوردستان ڕایگەیاند: کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات، بە هۆی بەسیاسی بوونی شوناسی کوردی و ئەزموونی دوور و نزیکی لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و مەدەنی، توانای خۆڕێکخستنی هەیە. کۆمەڵگەیەکی" پێشەنگ" کە مەیداندارە؛ خۆی بە خاوەن پرسی نەتەوە وناسنامەی خۆی دەزانێ. هەر لەم پەیوەندییەدا، وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێمان وایە هەلومەرجی نوێی ناوچەیی و لاوازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نیوخۆ و دەرەوە، بەستێن و دەرفەتێکی لەبارە بۆ سازدانی هاوپەیمانیی ئازادیخوازان و هەرێمە نەتەوەییە بندەستەکان دژ بەم ڕێژیمە. سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەخت لە سەر یەکڕیزی و هاوخەباتیی سەرجەم هێز و لایەنەکانی کوردستان دەکەینەوە. وەکوو حیزبی دێموکڕات، بە خوێندنەوەی هەلومەرج و دەرفەت و هەڕەشەکانی سەر ڕێی بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردستان، بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆمان لەبەر چاوە. بە خوێندنەوەی ڕەهەند و قووڵاییی گۆڕانکارییەکان، وێڕای خۆڕێکخستنمان، پێداگرین لە سەر گوتاری کوردستانی، یەکڕیزیی نیشتمانی و پێکگەیشتنی نەتەوەیی.
لە بڕگەی دواتردا سروودێک لەژێر ناوی خاکیپۆش لەلایەن کوڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
دواتر، لەلایەن چەند پێشمەرگەیەکی حیزبەوە، مەشخەڵی ئاگری نەورۆز پێشکەشی کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و هەروەها بەڕێزان ئارمین هونەروەر کوڕی شەهید ئەیووب هونەروەر و ڕۆزیتا عەبدی کچی شەهید ڕێبوار عەبدی کرا و ئاگری نەورۆز لە نێو ئاپۆڕای خاکیپۆشانی دێموکراتدا هەڵ کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە شایی و گەڕی هەڵپەڕکێی خاکیپۆشانی مەتەرێزی خەبات کۆتایی پێ هات.