کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای گوشارە زۆرینەکانی ئەمریکا، هەناردەکردنی نەوتی ئێران پەرەی سەندووە

10:48 - 11 رەشەمه 2724

هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بۆ پێشگرتن بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باسی لە بەرزبوونەوەی هاوردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە لە مانگی داهاتووی زایینیدا کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، چین پەرەی بە هاوردەکردنی نەوت لە ئێران و ڕووسیە داوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە هۆی داهاتی زۆری قاچاخی نەوتەوە جێگەی ئەو نەوتهەڵگرانەیان گرتووەتەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە سزا دراون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی لە چەند مانگی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لەو نەوتهەڵگرانەی کە نەوتی ئێرانیان بۆ چین قاچاخ دەکرد سزا داوە.

ئەم بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی کە کرێی نەوتهەڵگرەکان تا ڕادەیەکی زۆر بەرز ببێتەوە.

بەپێی داتاکانی کۆمپانی ڤۆرتێکسا، هاوردەکردنی نەوتی ئێران بۆ جین لە مانگی دوویەمی زایینی ئەمساڵدا گەیشتووەتە یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە مانگێ پێشووتری هاوردەکردنی نەوتی ئێران گەیشتبووە تەنیا ٨٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا.

ڕۆیتێرز لە زاری سەرچاوەیەکی بازرگانیی چینییەوە هێناویەتی کە، بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخەکانی گواستنەوەی نەوت پاش سزاکانی ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک نەوتهەڵگری دیکە بۆ داهاتی زیاتر و کەڵکوەرگرتن لەم دەرفەتە، شوێنی ئەم نەوتهەڵگرانە پڕ بکەنەوە.

لە ئێستادا چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت کە دەوڵەتی ترامپ لە حەفتەکانی داهاتوودا بتوانێت چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە ببینێتەوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی نوێی دەوڵەتی ئەمریکا، لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری ڕایگەیاند کە گوشارە زۆرینە و هەمەلایەنەکان بەتایبەتی لە بواری هەناردەکردنی نەوتدا بە سەرکۆماری ئیسلامی دەسەپینێتەوە و گواستنەوەی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی دیکەی وەک چین دەگەیەنێتە کەمترین ئاست.