
ناڕەزایەتی بە هەوڵەکانی دەوڵەت سەبارەت بە لابردنی دیاریکردنی کەمینەی حەقەدەستی کرێکاران بەردەوامە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، سومەیە گوڵپوور، بەرپرسی ناوەندی باڵای ئەنجومەنی سەندیکاکانی کرێکاری، لە ناڕەزایەتی بە قسەکانی وەزیری کاری دەوڵەتی پزشکییان سەبارەت بە لابردنی دیاریکردنی کەمینەی حەقەدەستی کرێکاران ڕایگەیاندووە کە دەبێت کەمینەی حەقەدەست بۆ هەموو کرێکاران دیاری بکرێت نەوەک بە شێوەی جیاجیا بۆ هەر سەندیکایەک.
پێشتر ئەحمەد مێیدەری، وەزیری کاری دەوڵەت، باسی لەوە کردبوو کە حەقەدەستەکان بە شیوەی سەندیکایی دیاری بکرێت و ئەمەش بەو واتایە کە کەمینەی حەقەدەستی هەموو کرێکاران لاببردرێت.
سومەیە گوڵپوور لە بەشێکی دیکەی قسەکانی بۆ تەسنیم لە ناڕەزایەتی بەم هەوڵانەی دەوڵەت، ڕەخنەی لە شێوازی هەژمارکردنی سەوەتەی بژیوی ژیان گرت کە لە ئەنجومەنی باڵای کار باسی لێوە دەکرێت و وتی: "لە دیاریکردنی کەمینەی حەقەدەستی کرێکاراندا، تێچووی ڕاستەقینەی ژیانی کرێکاران لەبەرچاو ناگیردرێت".
ناوبراو زیادی کردووە، ئەو کەلوپەلانەی لە هەژمارکردنی تێچووی بژیوی ژیانی کرێکاراندا لە بەرچاو گیراون، لەگەڵ دۆخی ئەستەمی کارکردنیاندا ناگونجێت و نرخەکانیشی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای بازاڕ یەک ناخوێنێتەوە.
گوڵپوور بە ئاماژەدان بە هەڵاوسانی پێشبینیکراوی ٤٠ لە سەدیی ساڵی داهاتوو دەڵێت: "تەنیا کاتێک دەکرێت بەشێک لە توانای کڕینی کرێکاران بپارێزرێت کە حەقەدەسەکانیان زیاد لە ٥٠ لە سەد بەرزتر ببێتەوە".
بەرپرسی ناوەندی باڵای ئەنجومەنی سەندیکاکانی کرێکاری، حکوومەت بە سەرەکیترین بەربەست بۆ بەرزکردنەوەی حەقەدەستی کرێکاران دەزانیت و ڕایگەیاندووە کە کرێکاران و خاوەنکاران لە سەر ڕێژەی حەقەدەست ڕێککەوتنیان هەیە بەڵام دەوڵەت هاوشیوەی ساڵانی ڕابردوو ڕێگری لە بەرزبوونەوەی حەقەدەست بۆ ئاستی ڕاستەقینەی خۆی دەکات.