کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا پەرە بە پاشەکەوتی چەکوچۆڵ ئەدەن

11:00 - 2 خاکەلێوه 2725

وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە هەوڵدان تاکوو چەکوچۆڵەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو تا کۆتاییەکانی ئەم دەیەی زایینییە، پەرە پێ بدەن.

لە دوایین دانیشتنی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕەشەمە لە بروکسێلی بێلژیک بەڕێوە چوو، باس لە بڕیاری ڕێبەرانی ئەم وڵاتانە بۆ بەهێزکردنی خۆیان لە بواری بەرگری و چەکوچۆڵدا تا ساڵی ٢٠٣٠ زایینی کرا.

بەم پێیە بڕیارە کە یەکیەتیی ئورووپا تاکوو چەند ساڵی داهاتوو ٨٠٠ میلیارد یۆرۆ بۆ ئەم پڕۆژەیە کۆ بکاتەوە.

لە دانیشتنی پێشووی تایبەتی ئەم یەکییەتییە باس لەم پێشنیارە کرابوو کە لەلایەن سەرۆکانی یەکیەتییەکەوە پێشوازیی لێ کرابوو.

دوو هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارەی یەکیەتیی ئورووپا دەتوانێت ئەگەرەکانی شەڕی وڵاتانی ئورووپا لەگەڵ ڕووسیە و گومان لە بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانی ئەمریکا وەک ڕابردوو لە ئورووپا بێت.

وڵاتانی ئورووپا نیگەرانی ئەوەن کە مۆسکۆ پاش تەواوبوونی شەڕی ئۆکراین و گەیشتن بە ئامانجەکانی، زێدەخوازییەکانی بۆ داگیرکردنی خاکی وڵاتانی دیکەی ئورووپا دەست پێ بکات.

لەلایەکی دیکەوە بە هاتنەسەرکاری دەوڵەتی نوێ لە ئەمریکا و گۆڕانی سیاسەتەکانی کۆشکی سپی بەنیسبەت وڵاتانی ئورووپایی و بەتایبەتی شەڕی ئۆکراین و ڕووسیە، مەترسیی بەردەوامنەبوونی پشتیوانییەکانی ئەمریکا لەلایەن ڕێبەرانی وڵاتانی ئورووپاییەوە هەست پێ کراوە.

دۆناڵد ترامپ لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردووە کە چیتر ئەمریکا لە داهتوودا بەبێ مەرج پشتیوانی ئەمنییەتی ئورووپا نابێت.

لە کۆبوونەوەکەی بروکسێلدا لەسەر پشتیوانییەکانیان لە هاوپەیمانیی ناتۆ جەخت کرایەوە.

٢٣ وڵاتی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا لەم هاوپەیمانییەدا بەشدارن.