
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە وتاری یەکەم ڕۆژی بەهاردا وتی، ئەمریکا قەت بە هەڕەشەکردن لە ئێران ناگاتە هیچ شوێنێک و جارێکی دیکە هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ململانێی نیزامی هەڵگیرسێنێت، کۆماری ئیسلامی وڵام دەداتەوە.
عەلی خامنەیی ئاماژەی بە هەڵوێستەکانی ئیسرائیلیش کرد و وتی: ''ئێمە دەستپێشخەری هیچ شەڕێک نین، بەڵام ئەگەر کەسێک خراپەکاری بکات، زللـەیەکی توند دەخوات.''
ناوبراو بەبێ ئەوەیکە نموونە بێنێتەوە ئاماژەی بەوە دا کە بەرپرسانی ئەمریکا لێدوانی دژ بە یەک دەدەن.
خامنەیی ڕاستەوخۆ ئاماژەی بەو نامەیەی دۆناڵد ترامپ نەکردووە، بەڵام لە وتارێکی پێشتری لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٣دا باسی لەوە کردبوو کە ئەم نامەیەم پێ نەگەیشتووە.
عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران پێشتر لە بەرنامەی نەورۆزی دەنگیوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ڕایگەیاندبوو، نامەکەی ترامپ زیاتر هەڕەشەیە، بەڵام "ئەو ئیدعای ئەوە دەکات کە دەرفەت هەیە".
چەند کاتژمێرێک بەر لە لێدوانەکەی عێراقچی، ماڵپەڕی ''ئاکسیۆس'' لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکا و دوو سەرچاوەی شارەزاوە بڵاوی کردەوە، نامەکە "تۆنێکی سەختگیرانە و توند"ی هەیە و بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ناوکی دوو مانگی مۆڵەت بۆ دیاری کراوە.''
خامنەیی هەروەها قسەکانی کاربەدەستانی ئورووپایی و ئەمریکایی لە بابەت ناوبردنی گرووپەکانی ناوچەکە "بە هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی" بە "سووکایەتی" بەو گرووپانە ناو برد و وتی کۆماری ئیسلامی پێویستی بەو گرووپانە نییە و خۆیان بە شێوەی سەربەخۆ موقاومەت دەکەن.
ئەم قسانە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە پشتیوانییەکی بەربڵاوی دارایی و چەکوچۆڵی بۆ حوسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە عێراق، لوبنان و فەلەستین کردووە.
خامنەیی هەروەها لە بابەت دۆخی ئابووریی ئێران خۆی بێبەری کردووە و وتوویەتی کە لە پلاندانانی ئابووریدا دەستێوەردانی نییە و ئەو کارانەش لە ئەستۆی دەوڵەتە.