کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: بە وەڵامدانەوەی پ ک ک بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان چاوەڕوان دەکرێ دەستوەردانی ئەم حیزبە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان کۆتایی پێ بێت

11:15 - 2 خاکەلێوه 2725

مستەفا مەولوودی: بە وەڵامدانەوەی پ ک ک بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان چاوەڕوان دەکرێ دەستوەردانی ئەم حیزبە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان کۆتایی پێ بێت

 

ئاماژە: بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان یەک لە گەورەترین ڕووداوەکانی ساڵی زایینی بوو کە چاوەڕوان دەکرێ ببێتە سەرەتای زۆر گۆڕانکاریی دیکە لە وڵاتانی تورکیە و تەنانەت کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسیی وڵاتانی دراوسێش هەبێت. حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە وەک پڕەنسیپ و نەخشەڕێ هەمیشە باوەڕی بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە وەکوو باشترین بژاردە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بووە و لەم سۆنگەیەوە، بەچاوی ئەرێنی لەو بابەتە دەڕوانێ و هیوادارە ئەم پرۆسەیە بە باشترین شێوە ڕەوتی ئاسایی و یاسایی خۆی بپێوێ و ئاکامی دڵخوازی هەر دوو گەلی کورد و تورکی لە تورکیە لێ بکەوێتەوە.

"کوردستان" بۆ تاوتوێی زیاتری ئەم بابەتە دیمانەیەکی لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکرات پێک‌هێناوە:

کاک مستەفا وەک دەروازەی باسەکەمان هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان چیە؟

ئەو بانگەوازە پێویستە دەبێ بە پاشخانێکی فکری، سیاسی، مێژوویی و حقووقییەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێ و بە سەرنجدان بە دۆخ و هەلومەرجی سیاسیی ئێستای کۆمەڵگەی تورکیە و پرسی کورد وەک ئەمری واقعی ئێستای ئەم وڵاتە تاوتوێ بکرێ. لەو پێوەندییەدا ئەمن لام وایە هەتا ئێستا وەک پێویست ئەو هەڵسەنگاندن و وردکردنەوەیە نەکراوە، واتە لایەنی باش و پۆزەتیڤی پەیامەکە خوێندنەوەی تەواوی بۆ نەکراوە و لایەنە باشەکانی نەخستراونە ڕوو. لایەنی نەرێنییەکەش وەک خۆی بەپێی مەنتیقی سیاسی و مێژوویی هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە و ئەوە یەکێک لە کەمایەسییەکانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وێڕای دەنگدانەوەی زۆر و باشی ئەو پەیامە جۆرێک هیوا و گەشبینی بە چارەسەری دێموکراتیکی پرسی کورد لە لای خەڵکی تورکیە و باکووری کوردستان دروست کردوە. هەروەها پەیامەکە ئەو خوێندنەوەیەی بۆ دەکرێ کە لەمەودوا جۆرێکی دیکە لە خەبات و تێکۆشان بۆ وەدەستخستنی مافە سیاسی، مەدەنی و دێموکراتیکەکانی کورد لە تورکیە دێتە ئاراوە کە لەگەڵ سەردەم بگونجێ و تێچووی ئەو خەباتە بەتایبەت لەباری گیانی و وێرانکارییەوە کەمتر دەبێ.

ئەدی وەڵامدانەوەی پ ک ک، لەو بارەیەوە پێشبینیی چ دەکەن؟

بۆ وەڵامی پ ک ک ئەوەندەی هەستم کردبێ وەڵامێکی یەکدەست و کۆنکرێت بە ناوی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە یان پەکەکە بەو بانگەوازە نەدراوەتەوە، یان لانیکەم من نەمدیوە. بەڵام ئەگەر قسەی بەرپرسانێکی وەک بەڕێز موراد قەرەیلان بە مەبنا بگرین، ئەوە کە لەپێناو دروستکردنی بەستێن بۆ دیالۆگ و دانوستان ئاگربەستیان ڕاگەیاندوە کاری باش و بەرپرسانەیە و  وەڵام و کاردانەوەیەکی ئەرێنی بە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان و خۆشکردنی بوار بۆ وتووێژ و دانوستانی زیاترە. جیا لەوە دەبینین  لە لێدوانی هەندێک لە بەرپرسانی پەکەکەدا ئەوە دەخوێنینەوە کە پەکەکە بۆ ئەوەی بەتەواوی وەڵامی بانگەوازی ئۆجەلان بداتەوە، دەبێ سەرەتا ئۆجەلان ئازاد بکرێ و ئەو بۆخۆی سەرپەرستیی کۆنگرەی پەکەکە بکات کە بۆ تاوتوێکردن و بڕیاردان لەسەر ئەو پەیامە دەبەسترێ و  وەک بۆخۆیشی دەڵێ بەرپرسایەتیی بڕیارەکە هەڵبگرێت کە قسەیەکی دروستی ڕێکخراوەیی و سیاسییە. ئەوە ئەگەر مەرجیش بێت، مەرجێكی دروست و لە جێگای خۆی دایە، لەبەر ئەوەی ئەو کۆنگرەیە یەکێک لە گرینگترین کۆنگرەکانیان دەبێت کە دەبێ بڕیاری مێژوویی تێدا بدرێت. بەتایبەت کە لە ڕوانگە و ستراتیژیی سیاسی و شێوەی خەبات لە باکووری کوردستاندا پێشبینی ئاڵوگۆڕی جیددی و زۆر جیاوازی دەکرێت.

کاریگەریی ئەو بانگەوازە و کۆی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە چۆن دەبینن، بە چ ئاقارێکدا دەڕوا؟

تورکیە خاوەنی نیزامێکی سیاسیی جیاوازتر بەنیسبەت ئەو وڵاتانەیە کە کوردیان تێدا دەژی، یان باشترە بڵێین ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بێ لەبەرچاوگرتنی ویستی کورد و لەبەر چاوگرتنی مافی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەسەردا دابەش کراوە. نیزامی سیاسیی تورکیە تا ڕادەیەک نیوەدێموکراتیکە و دەکرێ یاری و کایەی سیاسی و حقووقیی تێدا بکەیت. بۆیە ئاشتی لەنێوان حکوومەتی تورکیە و بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نەهادینەکردنی زیاتری دێموکراسی لەو وڵاتە دەبێ و کورد دەتوانێ لە بەستێنێکی هەراوتر و گونجاوتر و لە چوارچێوەی یاساییدا حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی تایبەت بە خۆی هەبێت و مەجالی بزووتنەوەی جۆراوجۆری سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی لە پانتایی و بەردەوامیی خۆیدا بە تێچوویەکی کەمترەوە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکان هەڵبگیردرێ. بۆ ئەوەش زۆر پێویستە خەڵکی تورکیە بە گشتی بە کورد و تورکەوە بۆ دروستکردنی ئەو بەستێنە دێموکراتیکە بە سینگفراوانییەوە هەنگاوی بەکردەوە بنێن.

ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، سود و زیانەکانی بۆ باکووری کوردستان، ڕۆژاوای کوردستان، باشوری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی دەبێت؟

 پەکەکە وەک لە مێژووی ئەم ڕێکخراوەیەدا دەیبینین و دەیخوێنینەوە سەرەتا وەک ڕێکخراوێک بۆ وەدەستخستنی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی خەڵکی زەحمەتکێشی تورکیە و باکووری کوردستان دەستی بە تێکۆشان کرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بیرکردنەوەی بەنیسبەت کۆی باسە سیاسییەکان لە ناوچەدا بەتایبەت لە کوردستان و لەنێو خەڵکی کوردستان بەگشتی گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتوە. لە درێژەی ئەو ڕوستەدا باسی لە کوردستانی گەورە و پێکهێنانی کیانێکی سیاسی بۆ کوردان لە کوردستان کردوە؛ پاشان بە پاشەکشە لەو وێژمانە سیاسییە باسی لە نیزامی سیاسیی کۆنفێدراڵ لە ناوچەکەدا کردوە  و هەتا گەیشتۆتە باس لە بەڕێوەبەریی خۆسەری دێموکراتیک کە وەک سیستم و نیزامێكی سیاسی پێناسەکردن و لێتێگەیشتنی بۆ زۆرکەس هاسان نەبوو. لەبەر ئەوە کە نیزامێکی ئەزموونکراو و کارپێکراو نەبووە، لانیکەم لە ناوچەکەدا. لە ئێستاشدا لە نامەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەڵاندا ئەوە زۆرتریش ناڕوونی پێوە دیارە.

ئەو سیاسەت و بیرکردنەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە هۆی سیاسەتی پەکەکە، دروستکردنی جەریانی شێوە پەکەکە کە ئیلهام لە سیاسەتی گشتیی پەکەکە وەردەگرن، لە سەردەمانێکدا لە هەموو بەشەکان، قسەی لێ دەکرا و حیزبی بۆ دروست دەکرا و ئەوە دەچوو نێو خوێندنەوەی دەوڵەتانی ناوچەکە و شوێنەواری دەستوەردانی پەکەکەی لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێوە دیار بوو. بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەو پرسە لەو سەردەمەدا نەک بە قازانجی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان نەدەشکایەوە، بەڵکوو دەبوو بە بیانوو بۆ دەستوەردان لە کاری سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و ڕێگای بۆ دەستوەردانی دەوڵەتانیش خۆش دەکرد.

لە ئێستادا پەکەکە پرۆژەی هەیە بۆ خۆگۆڕین و چەکداماڵینیان و بە جۆرێکی دیکە تێکۆشان و خەبات لە چوارچێوەی وڵاتی تورکیەدا و بەوەش چاوەڕوان دەکرێ ئەو دەستوەردان و حیزب دروستکردنانە کۆتاییان پێ بێت و تێکۆشانی سیاسیی پەکەکە لە چوارچێوەی وڵاتی تورکیەدا سنووردار بکرێت.

ئەو بۆشاییەی لە ناوچە سنورییەکان بەهۆی هەڵوەشانەوەی پەکەکە دروست دەبێت کێ پڕی دەکاتەوە؟

بەو جۆرە نییە کە پێمان وابێ بە چەکدانانی پەکەکە بۆشاییەکی قووڵ  لە ناوچە سنوورییەکان دروست دەبێت. لەدیوی سنووری ئێران، حکوومەتی ئێران، تەواوی سنوورەکەی لای خۆی تەنیوە. تەنانەت لە هێندێک شوێن سنووری وڵاتانی دراوسێشی بەزاندوە. لە سنووری لای تورکیەش هەر بەو شێوەیە و تەنانەت بە بیانووی بوونی پەکەکە، تورکیە مەودایەکی زۆر لە سنووری عێراقی بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان بەزاندوە و بنکەی نیزامیی لێ داناون. تەنیا ناوچەیەکی بەرتەسک لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان گریلاکانی پەکەکەی لێیە و هەتا ئێستا بۆ مەدارا لەگەڵ پەکەکە بووە، دەنا دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پاسەوانی سنوور ئەو توانا و ئیمکاناتەی هەیە سنوورەکە کۆنترۆڵ بکەن و هیچ بۆشاییەکی ئەوتۆی جێگەی نیگەرانی بۆ هیچ لایەک دروست نەبێت.